" هەفتەی داهاتوو سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت"

24/05/2019

نەوا


سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، هەموو ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كراوە و ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بۆ ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەچێت و پەرلەمان دەنگ بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەدات.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە: "هەموو ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تەواو بووە، ئامادەكاریی سیاسی و یاسایی و، ڕێكارە یاسایییەكان لە كاتی خۆیاندا جێبەجێ دەكرێن. ئێمەش چاوەڕوانی بانگهێشتی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانین كە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان دیاری دەكات، بۆیە بە ‌دڵنیایییەوە لە ‌ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا لە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە بۆ ئەم پرۆسەیە دەكرێت و، بانگهێشتی ئەندامان دەكرێت و سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵدەبژێردرێت."
ئومێد خۆشناو ئاماژەی دا: "بەپێی ئەو ئامادەكارییانەی كراون‌ و ئەو ڕێككەوتنانەی هەن، جارێكی تریش تەئكید دەكەینەوە بەڕێز، نێچیرڤان بارزانی، كاندیدی ئەو هێزانەیە كە ڕێككەوتنمان كردووە، پارتی و یەكێتی و گۆڕان و پێكهاتەكانی توركمان و مەسیحی و تەواوی ئەو هێزانەی كە ڕێككەوتنمان هەیە لە پێكهێنانی حكوومەت و تێگەیشتنمان هەیە كاندیدی هەموومانە و زۆریش لەو لایەنانە خۆیان ڕایانگەیاندووە بەڵێ كاندیدی ئەوانە و بەپێی ئەو ڕێككەوتنەش بێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنە زیاتر لە 90 دەنگی پەرلەمانتاران بەدەست دێنێت."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group