نه‌وا
ئه‌دمیراڵ مایكاڵ گیڵده‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌ركان له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای ئه‌مریكا ئاشكرایكرد ئه‌و پێكهاته سه‌ربازییه‌ی له دژی ئێران ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه ده‌كرێت، بریتین له فڕۆكه‌ی جه‌نگی و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان كه ئامانجیان چاودێرییكردنه، به‌تالیۆنێكی پاتریۆت كه له چوار مووشه‌كهه‌ڵگر پێكهاتوون، یه‌كه‌یه‌كی ئه‌ندازیاریی به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی رێكاره‌كانی به‌رگریی و كه‌شتییه‌كی جه‌نگیی فڕۆكه‌هه‌ڵگر.
دوای ئه‌وه‌ی دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ره‌زامه‌ندیی نیشاندا له‌سه‌ر ره‌وانه‌كردنی هه‌زار و 500 سه‌ربازی دیكه بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌دمیراڵ مایكاڵ گیڵده‌ی و كاتی ویڵبارگه‌ر بریكاری راوێژكاری وه‌زاره‌تی به‌رگریی بۆ كاروباری ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له پێنتاگۆن له پرێس كۆنفرانسێكدا هه‌ندێك ورده‌كاری پرۆسه‌كه‌یان ئاشكراكرد.
له‌وباره‌یه‌وه مایكاڵ گیڵده‌ی جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه هێزه زیاده‌كه له‌سه‌ر داواكاریی جه‌نه‌راڵ كێنس مه‌كه‌نزی فه‌رمانده‌ی هێزه ناوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا بووه و تا هه‌فته‌ی داهاتوو هێزه‌كان له‌و شوێنانه ده‌بن، كه بۆیان ره‌وانه ده‌كرێت.
راشیگه‌یاند "ئه‌و هێزانه له دژی مووشه‌كه كروزه‌كانی ئێران، فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و فڕۆكه‌ی جه‌نگیین و به‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی هه‌واڵگریشن، له به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه مووشه‌كییه‌كانی ئێران‌دا به‌تالیۆنێكی پاتریۆتیش ده‌ڕوات، هه‌روه‌ها یه‌كه‌یه‌كی ئه‌ندازیاریی به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی رێكاره‌كانی به‌رگریی و كه‌شتییه‌كی جه‌نگیی فڕۆكه‌هه‌ڵگر به‌مه‌به‌ستی بوونی بژارده‌ی زۆرتر له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان ئاماده ده‌بن. سه‌رجه‌م ئه‌وانه نزیكه‌ی هه‌زار و 500 سه‌ربازن".
گیڵده‌ی تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه ئه‌مریكا هه‌فته‌ی رابردوو موشه‌كهه‌ڵگرێكی پاتریۆتی ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه كردووه و ماوه‌ی كاری به‌تالیۆنێكی پاتریۆتیشی درێژكردووه‌ته‌وه، كه له چوار مووشه‌كهه‌ڵگری پاتریۆت پێكهاتوون و ماوه‌ی كاركردنیان له ناوچه‌كه‌دا كۆتاییهاتبو.
سه‌باره‌ت به ژماره‌ی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی بۆ ناوچه‌كه ره‌وانه ده‌كرێن، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌ركان له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای ئه‌مریكا وتی "600 له‌وانه خۆیان سه‌ربه به‌تالیۆنی پاتریۆته‌كانن له ناوچه‌كه‌دا، كه ماوه‌ی ئه‌ركیان درێژكراوه‌ته‌وه. هه‌ربۆیه ژماره‌ی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی ره‌وانه ده‌كرێن، له‌خوار هه‌زار سه‌ربازه‌وه‌یه".
ئه‌دمیراڵ مایكاڵ گیڵده‌ی تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر كه‌شتیه‌كانی سوته‌مه‌نی له كه‌نداو و په‌لاماردانی هێڵی نه‌وت له سعودیه، له‌لایه‌ن خودی سوپای پاسدارانه‌وه ئه‌نجامدراون و هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووش، كه له به‌غدای پایته‌ختی عیراق ئه‌نجامدرا، گروپه‌كانی پشتیوانییكراو له‌لایه‌ن ئێران ئه‌نجامیانداوه.
له وه‌ڵامی پرسیارێكیشدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا ئه‌مه قۆناغی یه‌كه‌می ره‌وانه‌كردنی سه‌ربازه و درێژه‌ی ده‌بێت یان نا؟ كاتی ویڵبارگه‌ر راوێژكاری وه‌زاره‌تی به‌رگریی بۆ كاروباری ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی وتی "ره‌وانه‌كردنی ئه‌و هێزه له‌به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی دیاریكراودا ئه‌نجامده‌درێت. ئه‌و ژماره‌یه‌ی كه دیاریكراوه و تواناكانیان، پێمانوایه پێویستن بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی هه‌یه. به دڵنیاییه‌وه به‌رده‌وام ده‌بین له به‌دواداچوون بۆ هه‌ڕه‌شه‌كان و پێداویستیی هێزه‌كانمان. ئه‌گه‌ر هاتو هێزی زیاده پێویست بێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی ئه‌وان، ئه‌وا ئه‌و كاته هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كه‌ین".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هێزه‌كان له چ شوێنێك جێگیرده‌كرێن؟ كاتی ویڵبارگه‌ر هیچ زانیاریی نه‌دا و ته‌نها رایگه‌یاند: "ئه‌و سه‌ربازانه ره‌وانه‌ی سوریا و عیراق ناكرێن"
ئه‌مریكا به كۆی گشتیی 70 هه‌زار سه‌ربازی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌یه و به‌سه‌ر چه‌ند وڵاتێكی ناوچه‌كه‌دا دابه‌ش بون.