ئێران: هیچ جۆرە گفتوگۆیەكمان لەگەڵ ئەمریكا ئەنجام نەداوە

26/05/2019 جیهان
عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

نەوا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند كە هیچ كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئێران و ئەمریكا ئەنجام نەدراوە.
عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو بانگەشانەی رەتكردەوە كە باس لەوە دەكەن كۆبوونەوەكان لەڕێی نێوەندگیرییەكانەوە دەستیان پێكردووە و وتی: "لە نێوان ئێران و ئەمریكادا هیچ كۆبوونەوەیەكی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەنجام نەدراوە".
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە دەنگۆی ئەوە بڵاوكرابوەوە، كە هەفتەی رابردوو یوسف بن عەلەوی وەزیری دەرەوەی عومان، سەردانی تارانی كردووە بە مەبەستی نێوەندگیری لە نێوان ئێران-ئەمریكا.
بن عەلەوی لە لێدوانێكیدا رایگەیاندبوو "لەگەڵ لایەنەكانی سێیەم هەوڵ دەدەین بۆ هێوركردنەوەی ئەو گرژییەی لە نێوان ئەمریكا و ئێران رووی لە زیادبوون كردووە". 
لە لایەكی دیكەوە خالید جاروڵڵا جێگری وەزیری دەرەوەی كوێت، رایگەیاندبوو كە بە مەبەستی كۆتاییھێنان بە زیادبوونی گرژی لە ناوچەكەدا، دانوستان لە نێوان ئێران و ئەمریكا دەستیپێكردووە.
ھاوكات ئەوشە بڵاوكرابوەوە، كە عێراق بە مەبەستی كەمكردنەوەی گرژییەكان، ئامادەكاری كردووە بۆ ناردنی شاند بۆ ئێران و ئەمریكا.
هەر لەو بارەوە كەیوان خوسرەوی وتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، رایگەیاندبوو كە ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسی بیانی بە نوێنەرایەتی ئەمریكا سەردانی ئێران-یان كردووە و وتی: "بەشێكی ئەم سەردانانە لە لایەن راگەیاندنەكان ئاشكرا كراوە و بەشێكیشی بەنھێنی ماوەتەوە". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group