وه‌زیری دارایی هه‌رێم دابه‌شكردنی موچه‌ پێش جه‌ژن راده‌گه‌یه‌نێت

27/05/2019

نه‌وا-سه‌عید عه‌بدوڵڵا-هه‌ولێر
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی پرسی هاتنی موچه‌ له‌ به‌غداوه‌ ده‌دات و وه‌زیری دارایی-ش رایگه‌یاند، پێش جه‌ژن به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستیاندایه‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی ئادار ده‌ستپێده‌كه‌ن.
ئەمڕۆ 27-5-2019 لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پرێس كۆنفرانسێك بۆ هەریەك لە سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەت و رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری و ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران رێكخرا.
لە سەرەتادا سەفین دزەیی وتی "كۆمەڵێك هەواڵی هەڵە لەبارەی موچە و هاتنی پارە لە بەغداوە بڵاوبۆتەوە، راستییەكەی  ئەوەیە پەرلەمانتاران جەختیانكردۆتەوە لەسەر پارە و بودجەی كوردستان لە بەغدا، بەڵام جارو بار قسەكانیان دەبێتەمایەی دڵەڕاوكێ، بۆیە ئەمڕۆ رونكردنەوە لەسەر ئەو تەوەرانە دەدرێت بۆئەوەی هاووڵاتیان دڵنەوابن و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان دەدرێت".
لەلایەن خۆیەوە رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم وتی "هەفتەیەكە بەچڕی باسی دابەشكردنی موچەی مانگەكانی ساڵی 2019 دەكرێت و باسی ئەوەش دەكرێت پێنج موچە بۆ هەرێم نێردراوە، دوای ئەو قسە و باسانە كۆمەڵێك شت باس دەكرێن دوورن لە راستییەوە، بۆیە بڕیارمان دا بە بەڵگەوە رونكردنەوە بدەین، بەڵام پێمان باش بوو سەرەتا سەردانی وەزارەتی داراییان كردبا بۆ وەرگرتنی زانیارییەكان".
وتیشی "لە ساڵی 2014وە، كە بودجەی هەرێم بڕدراوە، لە ساڵانی دواتر هەرێم بودجەی نەبوە، بۆیە هەر پارەیەك لە وەزارەتی دارایی خەرج بكرێت بۆ هەر بوارێك رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە".
هەروەها رونكردنەوەی زیاتری دا و وتی "لە ساڵی 2018دا حكومەتی فیدراڵی 9 جار موچەی رەوانەی كوردستان كردوە، كە 2 تریلیۆن و 857 ملیار دینار بووە، لە مانگی 4ی ساڵی 2018وە دابەشكردنی دەستیپێكردوە و لە مانگی 1ی ئەو ساڵەوە پرۆسەكە كەوتوەتەكار، كە مانگانە 317 ملیار دینار نێردراوە. وەك حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە داهاتی نەوت و ناوخۆ 3 تریلیۆن دینارمان خستۆسەر كۆی گشتی بودجە و بۆ ساڵی 2018 بەسەریەكەوە 6 تریلیۆن و 475 ملیار دینارمان دابەشكردوە".
لەبارەی موچەی ساڵی 2019ش، رێباز حەملان باسی لەوەكرد، لە ساڵی 2019دا حكومەتی عیراق پێنج موچەی بۆ هەرێم ناردوە، كە كۆی گشتییەكەی 2 تریلیۆن و 266 ملیار دیناربوە، دواتر پاشەكەوتی موچەیان هەڵگرتوە، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێم زیاتر لە یەك تریلیۆن و 831 ملیار دیناری خستۆتەسەر پارەكەی بەغدا و موچەی پێداوە.
وەزیری دارایی وتیشی "بەردەوام بوین لە دانی موچەكانی ساڵەكانی 2018، كە موچەكانی مانگەكانی 10 و 11ی ئەو ساڵەمان بە پاشەكەوتەوە دابەشكرد و موچەی مانگەكانی 12ی ساڵی 2018 و 1و2ی ئەمساڵیش بەبێ پاشەكەوت دابەشكردوە".
لەبارەی دابەشكردنی موچەش لە مانگەكاندا، رێباز حەملان جەختیكردەوە، تەنها هۆكاری پشومان هەیە كە موچەی مانگەكان لە 30 رۆژ تێپەڕێت، ئەگەرنا هیچ كێشەیەكی نییە.
هەرچی ناردنی پارەشە لە بەغداوە، وەزیری دارایی هەرێم وتی "دوای دابەشكردنی موچەی عیراق ئینجا وەزارەتی دارایی پارە بۆ هەرێم دەنێرێت، دوای ئەوە لەگەڵ پارەی نەوتی هەرێم لێكدەدرێت و دابەش دەكرێت".
لەبارەی هاتنی پارەی چوار مانگی وەزارەتی پێشمەرگەش، وەزیری دارایی رەتیكردەوە هیچ پارەیەك لە بەغداوە بۆ پێشمەرگە هاتبێت.
هەرچی پێدانەوەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە كۆمپانیاكان، رێباز حەملان باسی لەوەكرد، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ قەرزێكی بە پارەی بەغدا نەداوەتەوە، بەڵكو لە داهاتی فرۆشی نەوتی كوردستان قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان و بەڵێندەرانی داوەتەوە و هێشتاش بەشێك لەو قەرزانە ماونەتەوە.
لەبارەی دابەشكردنی موچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران، وەزیری دارایی هەرێم وتی "بەو پارەیەی لەبەردەستماندایە، پێش جەژن دەست بە دابەشكردنی موچە دەكەین، كە پارەی بەغداش بگات هەموو موچە لە پاش جەژن دابەش دەكەین".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group