راهێنەری تۆتنهام نهێنی گەیشتنی بە یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگ دەدركێنێت

01/06/2019 وەرزش

نەوا
ماوریسۆ پوچیتینۆ راهێنەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی دوپاتیدەكاتەوە، تیمەكەی زۆر بەربەستی بڕیوە تا گەیشتوەتە یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، لەگەڵ ئەوەشدا شانس یاوەریان بوە.
تۆتنهام لە قۆناغی گروپەكاندا لە شەش یاری تەنها 8 خاڵی كۆكردەوە و چاوەڕێی بردنەوەی یانەی ئینتەرمیلانی كرد لە ئەیاكس ئەمستردام لە دوا یاری قۆناغی گروپەكاندا تا سەربكەوێت بۆ قۆناغی 16 یانە.
هەروەها لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی چارەكی كۆتایی بەرانبەر مانچستەر سیتی سودی لە رەتكردنەوەی گۆڵێكی رەحیم ستێرلینگی یاریزانی مان سیتی بینی، كە بەهۆی ڤارەوە ئۆفسایدەكەی دەركەوت. لە قۆناغی پێش كۆتاییشدا بە سێ گۆڵی چاوەڕواننەكراوی لۆكاس مۆرا بەربەستی ئەیاكس ئەمستردامی تێپەڕاند و لە كاتی زیادكراودا بە 3 بەرانبەر 2 گۆڵ یارییەكەی بردەوە.
لەبارەی ئەو كاروانەی نێو خولەكەیان، راهێنەری تۆتنهام لە پرێس كۆنفرانسی رۆژی هەینیدا وتی "كەسایەتی تیمەكەمان و توانای ركابەریمان نیشاندا و دۆخەكەش بە جیاوازییەك كەم لە بەرژەوەندیمان گۆڕا".
وتیشی "ئەگەر تەكنەلۆژیای گۆڵ (ڤار) نەبوایە یاخود گۆڵی كۆتاییمان نەبوایە لە بەرانبەر ئەیاكس ئەوا لەم پێگەیەی ئێستادا نەدەبوین...گەیشتنمان بە یاری كۆتایی خۆی لە خۆیدا دیاردەیە، بەڵام ئەگەر سەركەوتو نەبوینایە لەوەدا، ئەوا خەڵك دەیوت ئێمە خراپترینین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group