گاردیان: بەرپرسانی كورد شوێنی بەغدادیان ئاشكرا كرد بەڵام..

01/06/2019

نەوا
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویكردەوە، ژنی وەزیری نەوتی داعش لەبارەی شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی داعش زانیاری باشی داوە بە دەزگای هەواڵگری ئەمریكی و كوردی. گۆڤارێكی فەرەنسیش بڵاویكردوەتەوە، كە بەغدادی چۆتە لیبیا و ئێستا لەوێیە.
رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی لە راپۆرتێكیدا باس لەوەدەكات، ژنی وەزیری نەوتی داعش دوای ئەوەی دەستگیركراوە زانیاری باشی داوە بە دەزگای هەواڵگری ئەمریكی و كوردی و ساڵی 2016یش ناونیشانی ماڵێكی موسڵی داوە بەهەواڵگری كوردی كە لەوانەیە بەغدادی خۆی تێدا حەشاردابێت، بەڵام ئەمریكیەكان رەتیانكردوەتەوە بۆردومانی بكەن لەسەر ئەو زانیاریانەو دوایی بۆیان دەركەوتوە زانیاریەكان دروستبون و لەوێدا بوە.
بەگوێرەی رۆژنامەكە، لە گرتوخانەیەكی شاری هەولێر چاوپێكەوتنی لەگەڵ (نەسرین ئەسعەد ئیبراهیم) ناسراو بە (ئوم سەیاف) ئەنجامداوە، ئەویش دوای ئەوەی لەپرۆسەیەكی هێزێكی تایبەتی ئەمریكا لەساڵی 2015 لە كێڵگەی نەوتی عومەر لە دێرزۆری سوریا دەستگیركراو هەر لەو پرۆسەیەدا مێردەكەی (فەتحی بن عون) تونسی ناسراو بە (ئەبو سەیاف) كوژرا، كە یەكێك بوو لەهاوڕێ نزیكەكانی ئەبوبەكر بەغدادی.
روونیشكراوەتەوە، ئوم سەیاف، كە تەمەنی 29 ساڵە، گەورەترین ژنە داعشیە، كە تائێستا دەستگیركرابێت و لەسەرەتاوە رەتیكردوەتەوە هاوكاری لێكۆڵەران بكات، بەڵام لەسەرەتای 2016دا دەستیكرد بەهاوكاریكردن و چەندین زانیاری دا بەدەزگای هەواڵگری ئەمریكی CIA و هەواڵگری كوردی، كە ئەو زانیاریانە رۆڵیان هەبوە لەراوەدونانی بەغدادی.

بەپێی رۆژنامەكە، بەهۆی ئەو زانیاریانەوە هەواڵگری ئەمریكا و كوردی توانیان شوێنی گواستنەوە و خۆشاردنەوەی ئەبوبەكر بەغدادی دیاری بكەن و ناونیشانی ماڵێكی موسڵی داوە بەهەواڵگری كوردی، كە بەغدادی خۆی تێدا حەشار دەدات، هەرچەند هەواڵگری كورد ئاماژەیان بەوەدا لەو ماڵەدایە، بەڵام ئەمریكییەكان رەتیانكردەوە لەسەر ئەو زانیاریانە بۆردومانی ئەو ماڵە بكەن، دواتر بۆیان دەركەوت زانیاریەكان دروست بون و بەغدادی لەوێدا بوە.
رۆژنامە بەریتانیەكە باس لەوەشدەكات، (ئوم سەیاف) سەرچاوەیەكی گرنگی زانیاری بووە بۆ زانینی هەڵسوكەوت و كەسایەتی بەغدادی و چەندینجار چاوی بەناوبراو كەوتوە و زۆر بەوردی زانیاری لەسەر ئەندامانی خێزانەكەی و كەسانی دەوروبەری و كار و ئەركەكانیان لەرێكخراوەكەدا داوە بەهەواڵگری ئەمریكی و كوردی، سەبارەت بەشوێنی ئێستاشی (ئوم سەیاف) پێیوایە لەئێستادا بەغدادی لە عیراقە، چونكە تاكە وڵاتە هەست بە ئارامی و پارێزراوی بكات تێیدا بەپێچەوانەی سوریاوە.
(ئوم سەیاف) لە چەندین تاوانی قێزەونەوە تێوەگلاوە لەوانەش رفاندنی ژنان و كچانی ئێزدی و كارمەندانی دەزگا خێرخوازی و فریاكەوتنەكان لەوانەش "كایلا مولەر"ی ئەمریكی و بردنیان بۆ ئەبوبەكر بەغدادی و سەركردەكانی دیكەی رێكخراوەكە و دەستدرێژیكردنەسەریان، لەئێستادا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوەو هەواڵگری كوردی دەڵێت "هەرچەندە ئوم سەیاف زانیاری گرنگ و پڕ بەهای داوە، بەڵام پێناچێت سزاكەی كەمبكرێتەوە".
لەلایەكی دیكەوە گۆڤاری "جۆن ئافریك"ی فەرەنسی بڵاویكردوەتەوە، ئەبوبەكر بەغدادی هەڵاتووە بۆ لیبیا و لەئێستادا دەسەڵاتدارانی تونس لەبارودۆخێكی ئەمنی تایبەتدان بەهۆی ئەوەی لەلایەن هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییەوە زانیاریان دراوەتێ‌، كە بەغدادی لە لیبیای هاوسێیاندایە.
پێشتریش ماڵپەڕی "تونیزی نیمیریك"ی تونسی بڵاویكردبوەوە، دوای تێكشكانی رێكخراوەكەی لە شارۆچكەی باغۆزی سوریا، ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی داعش هەڵاتوە بۆ لیبیا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group