ئەنجومەنی دادوەریی عیراق: هیچ گرێبەستێك لەگەڵ فەرەنسادا بوونی نییە

11/06/2019 جیهان

نەوا
عەبدولستار بەیرەقدار وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەریی عیراق رەتیدەكاتەوە هیچ گرێبەستێك لەگەڵ فەرەنسا هەبێت بۆ كەمكردنەوەی سزای لەسێدارەدانی چەكدارە دەستگیركراوە فەرەنسیەكانی رێكخراوی داعش.
عەبدولستار بەیرەقدار لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، ئەو سزایانەی دادگاكانی عیراق دەریاندەكات تەنها لەلایەن دادگای تەمیزەوە وردبینی دەكرێت و تەنها ئەو دادگایەش خاوەنی دەسەڵاتە بۆ پەسەندكردنی ئەو سزایە یان گۆڕینی بۆ سزای دیكە ئەویش بەپێی بارودۆخی تاوانەكە نەك بەپێی رێككەوتنی حكومەتەكان.
وتیشی "هیچ گرێبەستێك لەنێوان حكومەتی عیراق و فەرەنسیدا نییە بۆ كەمكردنەوەی سزای ئەو چەكدارە فەرەنسیانەی داعش، كە پاش دەستگیركردن و دادگاییكردنیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سپێنراوە".
ئەو وەڵامە بۆ ئەو دەنگۆیانەیە، كە گوایە هەردوو حكومەتی عیراق و فەرەنسی رێككەوتون بۆ كەمكردنەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەو چەكدارە فەرەنسیانەی داعش، كە لە عیراقدا دادگاییكراون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group