پەرلەمانتارێكی عیراق: دوو جوتیاری ئێزدی بەهۆی ئاگركەوتنەوەی نێو كێڵگە كشتوكاڵییەكان گیانیان لەدەستدا

12/06/2019

نەوا
سائب خدر پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عیراق دەڵێت، ئاگری كێڵگە كشتوكاڵییەكان هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی خۆراكی قەزای شنگال و دوور نییە لایەنی لە پشتەوە نەبێت، داواش لە حكومەت دەكات قەرەبوی زیانلێكەوتوان بكاتەوە.
سائب خدر لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "شەوی شەممەی رابردو ئاگر روبەرێكی فراوانی لە ناوچەكانی سولاغ و حاتمیە لەباشوری چیای شنگال گرتەوە، هەروەها كێڵگە كشتوكاڵیەكانی باكوری چیای شنگالیشی گرتەوە تا گەیشتە ناحیەی سنونێ‌ و دەوروبەری قەزای رەبیعە".
وتیشی "دوو جوتیاری ئێزدی، كە هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەیاندابوو، گیانیان لەدەستدا و جوتیارێكی دیكەش بەسەختی برینداربوە، هەروەها زیانێكی مادی زۆر كەوتوەتەوە".
ئەو پەرلەمانتارە ئێزدیە باسی لەوەشكردوە، پەیوەندی بە بەرپرسانی ئەمنی نەینەواوە كراوە و دەڵێن بەهۆی تەزووی كارەباوە بوو، بەڵام قەبارەی ئاگرەكە و فراوانبونی لە زیاتر لەناوچەیەكەوە چەندین پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەگەری هەیە لایەنی لە پشتەوە بێت.
پێشی وایە ئاگری كێڵگە كشتوكاڵییەكان هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی خۆراكی ئێزدیەكان، چونكە كاری زۆرینەی دانیشتوانی شنگال كشتوكاڵە و سوتانی بەو شێوەیە زیانێكی گەورە لە ئابوری و گوزەرانیان دەدات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group