پۆلیسی هەولێر: تۆمەتباری كوشتنی شۆفێرە گەنجەكە دەستگیركرا

12/06/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
پۆلیسی هەولێر تۆمەتباری كوشتنی شۆفێرە گەنجەكەی راگەیاند، كە ئێوارەی دوێنێ لە پاش روداوێكی هاتوچۆ بە پێنج گوللـە كوژرابو.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر لە پرێس كۆنفرانسێكدا زانیاری لەبارەی دەستگیركردنی ژمارەیەك تۆمەتبار راگەیاند، كە یەكێكیان بەتۆمەتی كوشتنی شۆفێرە گەنجەكەی ئێوارەی دوێنێی هەولێر دەستبەسەركراوە.
وتیشی "دوو ئۆتۆمبیڵ بەسوكی بەیەكدا دەدەن و شۆفێرەكانیان دەبێتە دەمەقاڵێیان و لەئەنجامدا محەمەد عەبدولعەزیز (كاسبكار) بەدەمانچە هیشام ئیسماعیل دەكوژێت، دواتر تۆمەتبارەكە خۆی رادەستی پۆلیس كردوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە، ئێمەش پەڕاومان بۆ كردوە بۆ دادگا".
هاووڵاتیانیشی دڵنیاكردەوە كە تۆمەتباران لەدەست یاسا دەربازیان نابێت.
هەروەها لیوا عەبدولخالق وتی "دوو تۆمەتبارەكەی دیكە، كە كوردن و دانیشتوی شاری هەولێرن و تەمەنیان لە نزیك 30 ساڵە، بەناوی ئاسایشەوە چوونەتە سەر ماڵان و هاووڵاتیان و دواتر ئەو دوو تۆمەتبارە دەستگیركران و ئێستا پەڕاویان بۆ كراوە بۆ دادگا".
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر باسی لەوەكرد، یەكێك لەو دوو تۆمەتبارە بكوژەكەی پاسەوانی بارەگاكەی كۆمەڵی ئیسلامییە، كە لە ساڵی 2013 تاوانەكەی ئەنجامداوە، بەڵام دواتر بە لێبووردنی گشتی ئازادكراوە و پاشان تاوانی دیكەی ئەنجامداوە و لەسەر رێگریكردن دەستگیركراوەتەوە، ئەو تۆمەتبارانە چەك و كەلوپەلی هەڕەشەكردنیان پێبوە و چەندین تابلۆی ئۆتۆمبێلیشیان پێبوە، كە سەرجەمیان ساختەبون.
رونیشیكردەوە، هەڵمەتی دەستگیركردنی چەكی بێ مۆڵەت بەردەوامە، بەڵام هەر چەكێك تاوانی پێ بكرێت بە مۆڵەت یان بێ مۆڵەت كاردانەوەی یاسایی ئەنجام دەدەن بەرانبەریان، لە هەوڵی دانانی كامێراكانی چاودێریدان و دواتر ژورێكی ئۆپەراسیۆن دادەمەزرێت و هەولێر بە تەواوی دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group