پارتی سەرجەم ئەو ناوانەی رەتكردۆتەوە كە یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پێشكەشیكردوە

12/06/2019

نەوا
فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت "پارتی هەموو ئەو ناوانەی رەتكردۆتەوە، كە یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پێشكەشیكردوە".
فەرید ئەسەسەرد بۆ دەنگی ئەمریكا وتویەتی "هەندێك  كۆنتاكتی تایبەت لەنێوان هەردولادا (یەكێتی و پارتی) هەبوو كارێكی وایكرد یەكێتی هەڵوێستێكی نەرمتر لەوبارەیەوە بنوێنێت، هێشتا پەیوەندییەكان ئەنجامەكانیان دەرنەكەوتوە، بەڵام ئومێد هەیە هەردوولا بگەنە فۆڕمێك، كە بۆ هەردوولا گونجاو بێت، هەندێك لایەن و كەسایەتی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان هەن ئەو پەیوەندییانەیان گرتۆتەئەستۆی خۆیان، دەبێت حساب بۆ ئەوەش بكەین لەناوخۆی یەكێتی هەندێك گروپ هەن كار بۆ ئەوە دەكەن پەیوەندییەكان لەگەڵ پارتی چاك بكەنەوە، بەدڵنیاییەوە لەناو پارتیش ئەو گروپانە هەیە و لە دەرەوەی پارتی و یەكێتی-ش ئەو گروپ و كەسایەتیانە هەن".
وتوشیەتی "پارتی هەموو ئەو ناوانەی رەتكردۆتەوە كە یەكێتی داوێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەڵام بێئومێدنەبوین لەوەی بگەین بە ناوێكی دیاریكراو لەگەڵ پارتی، ئەو ناوانەی پێشكەشمان كردون هەموویان بەشایستە دەزانین، بەڵام هەوڵمانداوە كەسێك هەڵبژێرین كە بەدڵی هەردوولا بێت، دواجاریش دوو ناومان پێشكەش بە پارتی كردووە كە هەریەكە لە خالید شوانی و لیوا جەمال تاهیر-ن، ئەگەر رێكیشبكەوین لەگەڵ پارتی هەر لەسەر یەكێك لەو دوو ناوە رێكدەكەوین، ئەگەر نەگەینە رێككەوتن ئەوا لەگەڵ ئەوەی بڕیار و رێككەوتنی بەشداریكردنمان لە حكومەتدا هەیە، بەڵام كاریگەری خراپی لەسەر ناوخۆی كوردستان و كابینەی نۆی حكومەت دەبێت، بەجۆرێك رەنگە نەتوانین بەشداربین لە حكومەت".

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group