سه‌رۆكی هه‌رێم، مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم راسپارد

12/06/2019

نه‌وا
نیوەڕۆی ئەمڕۆ 12-6-2019 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمێكدا مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.
لەوبارەیەشەوە مەسرور بارزانی لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی "پەیوەست بە ناوزەدكردن و راسپاردنم بۆ سەرۆكایەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەپێوستی دەزانم سوپاسگوزاریی خۆم ئاراستەی جەنابی سەرۆك بارزانی و مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی و جەماوەری پارتی بكەم بۆ دەستنیشانكردنم وەك پاڵێوراوی پارتی بۆ ئەم پۆستە، هەروەها سوپاس و پێزانینم ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان، بە هەموو فراكسیۆنەكانەوە دەكەم بۆ ناوزەدكردنم و سوپاسی بەڕێز سەرۆكی هەرێم دەكەم بۆ راسپاردنم بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان".
جارێكی دیكە مەسرور بارزانی سوپاسی ئەو متمانەیە دەكات و دەڵێت "هەوڵدەدەم بە هاوكاریی هەموو ئەو لایەنانەی بڕیاری بەشدارییان لە كابینەی نوێ داوە، لە وادەی دیاریكراودا پێكهاتەی كابینەی نۆیەم بخەمە بەردەم پەرلەمانی كوردستان، تاكو هەرچی زووتر بتوانین خزمەتێكی شایستەی گەل و نیشتمانمان دەستپێبكەین. ئاواتەخوازم هەموو لایەنە پەیوەندارەكان هاوكارمان بن بۆئەوەی هەرچی زووتر ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام بگەیەنین".
دوێنێ پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی 87 پەرلەمانتار، ناوی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەستنیشانكرا و دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا كارەكەی جێبەجێبكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group