عەرەب و توركمانەكان: پاڵاوتنی كوردێك بۆ پۆستی پارێزگار رەتدەكەینەوە

12/06/2019

نەوا
عەرەب و توركمانەكانی پارێزگای كەركوك كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگار لەلایەن یەكێتی و پارتی-یەوە بەبێ‌ وەرگرتنی بۆچوونی ئەوان، رەتدەكەنەوە و داوا دەكەن پێكهاتەكانی دیكەش لەسەر كاندیدەكە رازی بن.
لەو بارەیەوە خەلیل حەدیدی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەسەر پێكهاتەی عەرەبی رایگەیاندوە، عەرەبی كەركوك بەهەموو شێوەیەك پاڵاوتنی كەسایەتیەك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك بەبێ‌ وەرگرتنی بۆچوونی لایەنەكانی دیكە، رەتدەكەنەوە.
وتیشی: "هەر كەسێك پاڵێوراوبێت پێویستە رەزامەندی سەرجەم پێكهاتەكانی لەسەر بێت و هیچ پێكهاتەیەك پشتگوێ‌ نەخرێت، ئەوەش بەپێی دەستكەوتی هەڵبژاردن دەبێت، كوردیش هەر بەهۆی دەستكەوتی هەڵبژاردنەوە 14 ساڵە كۆنترۆڵی پۆستی پارێزگاریان كردوە".
لایخۆیشیەوە نەجات حسێن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لەسەر لیستی توركمانەكان دەڵێت "تائێستاش توركمانەكان داوای پۆستی پارێزگار دەكەن، عەرەب بۆماوەی 35 ساڵ كۆنترۆڵی ئەو پۆستەكەیان كرد لەسەردەمی سەدام حسێندا، هەروەها كوردیش 14 ساڵە كۆنترۆڵیان كردوە و 2 ساڵیشە گەڕاوەتەوە بۆ عەرەب".
رونیشیكردوەتەوە، توركمانەكان داوای ئەوە دەكەن دەرفەت بەوانیش بدرێت و ئەم چەند مانگەی ماوە تاقیبكرێنەوە بۆئەوەی هەست بەوە بكەن ئەوانیش پێكهاتەیەكی كەركوكن و دادپەروەری و قبوڵكردنی یەكتری هەیەو ناكرێت ئەو پۆستە لەلایەن یەك پێكهاتەوە دەستی بەسەردابگیرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group