مۆڵەتی شۆفێری و ساڵانەی ئۆتۆمبێل هاوتای بەغدا دەكرێت

پێش 2 هەفتە

نەوا
د.سامی جەلال بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایدەگەیەنێت، مۆڵەتی شۆفێری و ساڵانەی ئۆتۆمبێل هاوتای بەغدا دەكرێت، كە بە سیستمێكی ئەڵمانی دەكرێت و لە ماوەی شەش مانگدا سیستمەكە بۆ سەرجەم هەرێم دادەنرێت.
د.سامی جەلال لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "مۆڵەتی شۆفێری و ساڵانەی ئۆتۆمبێل هاوتای بەغدا دەكرێت، كە بەسیستمێكی نێودەوڵەتی (سیستمێكی ئەڵمانی) دەركراوە و لە هەموو وڵاتێك كاری پێدەكرێت، هاووڵاتیانیش پێویستییان بەدەركردنی مۆڵەتی شۆفێریی نێودەوڵەتی نابێت".
وتیشی "لەئێَستادا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەك كراوەو چاوەڕێی ئەوەین بێتە هەولێر دوای ئەوەی رسومات و باجی گرێبەستەكە دەدات، دەست بەكارەكانی دەكات، كۆمپانیاكە تەنیا سیستمەكە دادەنێت و كارەكانی دیكەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ خۆیان دەیكەن، بەپێی گرێبەستەكە پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا سیستمەكە بۆ سەرجەم هەرێمی كوردستان دابنرێت، بەڵام رەنگە هەندێك لە پارێزگاكان سیستمەكەیان ئامادە بێت و لەماوەی كەمتر لەدوو مانگدا دەستبەكاربن".
بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم باسی لەوەشكردوە، گۆڕینی مۆڵەتی شۆفێری و ساڵانەی ئۆتۆمبێل ئەگەر هیچ غەرامەیەكی تێدا نەبێت، تەنیا 30 هەزار دیناری تێدەچێت، كە پارەكەی بۆ كۆمپانیاكە نابێت، بەڵكو بۆ حكومەتی هەرێم دەبێت و تەواوی كۆمپیوتەرەكان دەگۆڕدرێن، سیستمی هەموو پارێزگاكان و ئیدارەكان پێكەوە پەیوەست دەكرێن پاشانیش بە بەغداوە، ئەو مۆڵەتی شۆفێرییەی لێرە دەردەكرێت لە عیراقیش كاری پێدەكرێت، چونكە لەوێ دۆسێی هەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group