هەولێر.. 221 كۆمپانیا لە پیشانگای كەلوپەلی ئێرانی بەشدارن

12/06/2019

نەوا
لەشاری هەولێر بەبەشداری دەیان كۆمپانیای ئێرانی پێشانگایەك كراوەتەوەو بەڕێوەبەری گشتی پیشانگای نێودەوڵەتی ئەو وڵاتەش رایگەیاند:"كردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگایانە دەریدەخات ئابڵوقەكانی ئەمریكا بۆسەر ئیران هیچ جۆرە كاریگەرییەكی لەسەر پەیوەندیی بازرگانی ئێران و هەرێمی كوردستان نییە".
توركمان غوڵامی، بەڕێوەبەری گشتی پیشانگای نێودەوڵەتی ئێران (ئێكسپۆ)، سەبارەت بە پیشانگاكەیان لە هەولێر رایگەیاند "ئەو پیشانگایە كە تایبەتە بە كەلوپەل و بەرهەمی كۆمپانیاكانی ئیرانی و هەموو كاڵاكان دروستكراوی وڵاتی ئیرانە یەكێكیترە لەو پیشانگایانەی لە ھەرێمی كوردستان دەیانكەینەوە، لەم پیشانگەیە 221 كۆمپانیا بەشدارییان كردووە و لەچەندین بواری جیاجیا هەن".
وتیشی: "كردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگایانە كە تایبەتە بە كەلوپەلی ئیرانی ئەوەمان بۆ دەردەخات ئابڵوقەكانی ئەمریكا بۆسەر ئیران هیچ جۆرە كاریگەرییەكی بۆسەر پەیوەندی بازرگانی نێوان ئیران و هەرێمی كوردستان نییە و پەیوەندیی نێوان بازرگانانی هەرێمی كوردستان و ئێران ئاسایی و بەردەوامە".
ناوبراو وتیشی: "هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەگەرمی پێشوازی لە كردنەوەی ئەو جۆرە پیشانگایانە دەكەن".
پیشانگەكەی ئێران تایبەتە بە كەلوپەلی ئۆتۆمبیل، خۆراك، كشتوكاڵ، جوانكاری، كەلوپەلو پێداویستیی ناوماڵ.
پێشانگای كەلوپەل و بەرهەمەكانی ئێرانی لە هەولێر چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و وابڕیارە چەندین گرێبەست لەنێوان بازرگانانی هەرێمی كوردستان و ئێران پەسەند بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group