"وڵاتانی دراوسێ لە بۆردومانكردنی خاكی هەرێم ئاگادار نەكراونەتەوە"

12/06/2019
ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەكان لە پەرلەمانی كوردستان

نەوا-كاروان مەحمود 
ئەندامێكی لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ هەوڵێك نییە لەلایەن لیژنەكان و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان تاوەكو واژوو كۆبكرێتەوەو پرسی بۆردومانكردنی ناوچە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان بخرێتە كۆبوونەوەی پەرلەمان.
ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، نە لەسەر ئاستی فراكسیۆنەكان نە لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان هیچ هەوڵێك نییە، كە پەرلەمانتاران واژوو كۆبكەنەوە یاخود یاداشت بدەنە سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم ئاگادار بكەنەوە وەكو دەسەڵاتی جێبەجێكردن كە لەگەڵ توركیا و وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆبكرێت بۆ هێرش نەكردنە سەر خاكی هەرێمی كوردستان.
سەبارەت بەوەی باس دەكرا لە دوای كۆتایی هاتنی جەژنی رەمەزان ئەو پرسە دەخرێتە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان، ئەبوبەكر هەڵەدنی وتی: "لەدوای جەژنەوە لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی نەكردووەو ئەو پرسەش نەخراوەتە ناو كارنامەی كۆبوونەوەی لیژنەكەوەو بۆ داهاتووش ئاگادار نیم قسەی لەسەر بكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group