پەرلەمانتارێكی پارتی: پێش پشووی پەرلەمان كابینەی نوێ دەنگی پێدەدرێت

12/06/2019

نەوا-كاروان مەحمود 

پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێت: "پێیدەچێت لەماوەی 10 بۆ 15 رۆژی دیكەدا پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆتایی پێبهێنرێت و لە پەرلەمان دەنگی پێبدرێت".
رێبوار عەبدولڕەحیم پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، "بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوو سەرجەم ئامادەكارییەك كۆتایی هاتووەو رێككەوتن كراوە لەنێوان لایەنەكان لەبارەی پۆستەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، پێم وایە لەماوەی 10 بۆ 15 رۆژی دیكە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كۆتایی پێبهێنرێت و پەرلەمانی كوردستان دەنگی پێبدات".
سەبارەت بەوەی ئەگەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێم لە 18 رۆژ زیاتری خایاند كە پەرلەمانی كوردستان ئەوكات پشووی ئەم خولەی دەستپێدەكات،  وتی: "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەكرێت دەستەی سەرۆكایەتی لە حاڵەتی پێویست داوای كۆبوونەوەی نائاسایی بكات، بەڵام پێیناچێت پێویست بەو كۆبوونەوەیە بكات و لە ماوەی 15 رۆژی داهاتوو لە پەرلەمان دەنگ بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بدرێت".
لەبارەی ئەوەی ئایا وەفدی پارتی لە داهاتوو سەردانی لایەنەكان دەكات؟، كێ سەرۆكایەتی وەفدی پارتی دەكات، رێبوار عەبدولڕەحیم پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا نەوا وتی: "پێم وایە بەرێز مەسرور بارزانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بۆ نیاز پاكیی و وەرگرتنی ناوی وەزیرەكان و گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان سەردانی سەرجەم لایەنەكان بكات بەو لایانانەش كە بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بونیانداوە".
باسی لەوەشكرد، سەردانی داهاتوو سەردانی حزبی نییە بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنی تازە بەڵكو سەردانێكی تەشریفاتی پرۆتۆكۆڵی دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group