شینزۆ ئابێ: پێویستە ئێران خۆی لە پێكدادانی نەخوازراو بەدور بگرێت

12/06/2019 جیهان
تاران: مەراسیمی پێشوازیكردن لە سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن

نەوا
سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن بە پێویستی دەزانێت تاران خۆی لەهەر چەشنە بەریەككەوتنێكی بەرێكەوت و نەخوازراو لە ناوچەكە بە دور بگرێت، سەرۆك كۆماری ئێرانیش دەڵێت: وڵاتەكەی دەستپێشخەر نابێت بۆ هیچ شەڕێك تەنانەت لەگەڵ ئەمریكاش.
شینزۆ ئابێ، سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن كە بەسەردانێك لە تارانە، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند: بەهیچ جۆرێك بێت نابێت رێگە بدرێت گرژی و ئاڵۆزیەكانی ناوچەكە پەرەبستێنن و وڵاتەكەشی لەو پێناوەدا هەموو هەوڵێكی دەخاتەگەڕ.
وتیشی: لەسەر ئێرانیش پێویستە خۆی بەدوربگرێت لەهەر چەشنە پێكدادانێكی نەخوازراو و بەرێكەوت و جەختیشی كردەوە، لەوەی ئامانجی سەردانەكەی هێوركردنەوەی گرژیەكانی نێوان تاران و واشنتۆنە.
لایخۆیەوە حەسەن رۆحانی رایگەیاند: ئێران بۆ هیچ شەڕێك دەستپێشخەر نابێت، تەنانەت شەڕ لەگەڵ ئەمریكاش، بەڵام ئەگەر شەڕیان بەسەردا بسەپێنرێت بەتوندترین شێوە وەڵام دەدەنەوە.
سەرۆك كۆماری ئێران باسی لەوەشكرد، كە بە سەرۆك وەزیرانی ژاپۆنی وتووە، كە ریشەی تەنگەژەی ئێستای ناوچەكە سەپاندنی شەڕی ئابوریە بەسەر تاران و پێویستە ئەمریكا ئەو شەڕە رابگرێت.
لەدوای شۆڕشی 1979ی ئێرانەوە، ئەمە یەكەم جارە سەرۆك وەزیرانێكی ژاپۆن سەردانی تاران بكات، سەردانەكەش دوای سەردانەكەی دوو هەفتەی رابردووی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ تۆكیۆ دێت، كە تێیدا شینزۆ ئابێ ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتۆن دەربڕی و ترامپیش پێشوازی لەو دەستپێشخەریە كرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group