میسی وتویەتی چیمەنی یاریگاكە هۆكاری دۆڕاندنی ئەرجەنتین بوە؟

16/06/2019 وەرزش

نەوا
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، كە هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرجەنتین یەكەم یاری كۆپا ئەمریكای بەرانبەر هەڵبژاردەی كۆڵۆمبیا دۆڕاندوە، میدیای وەرزشی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش هەواڵ و زانیاری و بابەتی جۆراوجۆر بڵاودەكەنەوە.
لە یەكێك لەو بابەتانەدا، تۆڕی "ئۆپتا" بۆ سەرژمێری ئاماژەی بەوەداوە، كە ئەوە سێیەم جارە تانگۆ لە یاری دەستپێكی پاڵەوانێتی كۆپا ئەمریكادا بدۆڕێت.
هەروەها ئەوە یەكەم جارە ئەرجەنتین یاری دەستپێكی پاڵەوانێتییەكە بە جیاوازی دوو گۆڵ بدۆڕێنێت، لەكاتێكدا پێشتر لە ساڵی 1919 بە ئەنجامی 2 گۆڵ بەرانبەر بە 3 گۆڵ بە ئۆروگوای دۆڕاوە، لە ساڵی 1999ش بە ئەنجامی 3 گۆڵی بێوەڵام هەر بەوان دۆڕاوە.
لەلایەكی دیكەوە پروپاگەندەی ئەوە بڵاوكراوەتەوە، كە گوایە لیۆنێل میسی ئەستێرەی تۆپی پێی جیهان و ئەرجەنتین وتویەتی، دۆڕاندنەكەیان بەهۆی چیمەنی یاریگاكەوە بوە، بەڵام لە تاكە لێدوانی پاش یارییەكەدا هیچ ئاماژەیەكی بۆ ئەو بابەتە نەكردوە و رایگەیاندوە، پێویستیان بە هەندێك كات هەیە بۆئەوەی دۆڕاندنەكە قبوڵ بكەن، پێویستیشیان بە روانین بۆ پێشەوە هەیە.
وتوشیەتی "كاتێك كە گۆڵی یەكەممان لێكرا تیمەكەی ئێمە باشتر بو، پێموایە لە تایمی دووەمدا باشتر بوین و هەلمان رەخساند. بۆیە دەبێت سود لە خاڵە پۆزەتیڤەكان وەربگرین و بیر لە سبەینێ بكەینەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group