قوباد تاڵەبانی داوای‌ بەردەوامی یارمەتییەكانی ئەمریكا بۆ چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكات

17/06/2019
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ژەنەراڵ گریگۆری كرودەر

نەوا
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی یارمەتییەكانی ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، كردەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر لەگەڵ وەفدێكی سەربازیی ئەمریكا بە سەرپەرشتی ژەنەراڵ گریگۆری كرودەر كۆبووەوە و تیایدا تاووتوێی چۆنیەتیی ئەنجامدانی چاكسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەماهەنگی زیاتریان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان بە هەمان شێوەی كە لە شەڕی داعشدا هەماهەنگ بوون، لە داهاتووشدا بە هەماهەنگیی زیاترەوە پێكەوە رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، باس لە چۆنیەتی چاكسازیكردن لە وەزارەت و هێزەكانی پێشمەرگە كرا و تێیدا جێگری سەرۆك وەزیران جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی یارمەتییەكانی ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، كردەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group