مینی چێنراو بەرۆكی شەنگال بەرنادات

18/06/2019 عێراق

نەوا
مین و تەقەمەنییەكانی سەردەمی داعش، هێشتا هەڕەشەیە لەسەر نیوەی قەزای شنگال و زیانی زۆری گیانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەوەش بۆتە بەربەستێكی سەرەكیی لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكاندا.
چەكدارانی رێكخراوی داعش، لەماوەی حوكمڕانییاندا زۆربەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان بۆمبڕێژكرد، بە تایبەت قەزای شنگال، پێش بەجێهێشتن‌ و كۆنتڕۆڵكردنەوەی لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە.
بۆمبە چێنراوەكان و تەقەمەنی، لە زۆربەی ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكاندا بۆتە مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و دەزگا ئەمنییەكان، خواستی ئاوارەكانیشی بۆ گەڕانەوە دواخستووە.
لەوبارەیەوە جەلال خەڵەف پیسو، بەرێوەبەری ناحیەی گرعوزێر لە شنگال لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: "لە 17ی تشرینی یەكەمی 2017وە تائێستا 30 مەدەنی لە ناحیەكەمان گیانیان لەدەستداوە بەهۆی مین و تەقەمەنییەكانەوە، زیاتر لە 10 كەسیش برینداربون".
راشیگەیاند: "دوو مانگە رێكخراوی MAG تایبەت بە هەڵگرتنی مین و تەقەمەنی لەسەنتەری ناحیەكە دەستبەكاربووەو تائێستا 50%ی سەنتەری ناحیەكە پاككراوەتەوە".
ناحیەی گرعوزێر لە سێ كۆمەڵگە پێكهاتووە ئەوانیش: سیبا شێخ خدر، گرزەرك، رەمبوسێ، كەئەوانیش زیاتر لە 15 گوند لە خۆدەگرن.
پێویستە بوترێت فەرمانگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری تایبەت بە مین، لەسەرەتای ئەمساڵەوە دەوروبەری 600 هەزار مەتر چوارگۆشە لەتەقەمەنی پاككراونەتەوە، ئەو پڕۆسەیەش بەردەوامی دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group