لەدوای دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك پارتی دەگەڕێتەوە پارێزگاكە؟

18/06/2019
عارف روشدی راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی

نەوا - كاروان مەحمود
راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی بۆ رادیۆ نەوا باس لەدیاریكردنی پارێزگاری كەركوك و گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەكە دەكات و ئەوەش دەڵێت: "ئاگادار وادەی كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی نیم لەوبارەیەوە".
عارف روشدی راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ئاگاداری وادەی كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی نیم، بەڵام لەبارەی پرسی دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك وەك لەرێككەوتنەكەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هاتووە، ئەو پرسە هاوتەریب دەبێت لەگەڵ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان".
راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی ئەوەشی وت: "ئەو پارێزگارەی بۆ كەركوك دیاریدەكرێت دەبێت بە رەزامەندی پارتی و یەكێتی بێت، بە بۆچوونی من پێویستە لەگەڵ لایەنی عەرەبی و توركمانیش قسە بكرێت چونكە ئەو شارە شاری سەرجەم پێكهاتەكانەو رەزامەندی ئێمەو یەكێتی بەتەنها ئەو پرسە یەكلا ناكاتەوە".
سەبارەت بەوەی لەدوای دیاریكردنی پاریزگاری كەركوك بە رەزامەندی یەكێتی و پارتی، ئایا پارتی دەگەڕێتەوە بۆ كەركوك؟، عارف روشدی راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی بۆ رادیۆ نەوا وتی: "تا رەوشی شارەكە ئاسایی نەبێتەوە بەباشی و تا ئەو حوكمە عەسكەرییە لەوشارەدا هەبێت ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە ئەو شارە، پێویستە باردۆخەكە لە بەغداش یەكلایی بكرێتەوەو بارودۆخی تەواوی پارێزگاكە ئاسایی بكرێتەوەو ئەو زڵم و زۆرەی لەسەر خەڵكی ئێمەیە نەمێنێت ئەوكات بڕیاری تەندروست دەدرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group