خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە عێراق دەستپێدەكاتەوە

18/06/2019 عێراق

نەوا
هاوكات لەگەڵ ئەو هەڵمەتە گەورەی بۆ دژایەتیكردنی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەلایەن ژمارەیەك لایەنی سیاسییەوە بەرپاكراوە، بڕیارە لە رۆژی هەینی داهاتووەوە خۆپێشاندانی سەرتاسەریش لە عێراق دەستپێبكاتەوە.
لیژنەی هاوئاهەنگیكاری بەرپرس لەبەڕێوەبردنی ناڕەزاییە جەماوەرییەكانی باشوری عێراق رایگەیاند، بەهۆی خراپتربوونی خزمەتگوزاریەكان لەشارەكانی باشوری عێراق و بەدەنگەوە نەچوونی حكومەت بۆ ناڕەزاییەكانی دوو ساڵی رابردوو، لە رۆژی هەینیەوە دەست بە خۆپێشاندانی سەرتاسەری دەكەنەوە.
بەڕای چاودێران، ئەم راگەیاندنە بەدەستی چەند لایەنێكی سیاسیەوە دەركراوەو ئامانجیش لێی دژایەتیكردنی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدیە، بەتایبەتی كە هێشتا لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكومەتەكە ڕێكنەكەوتوون و جارێ ساڵێكیش بەسەر راگەیاندنی حكومەتەكەدا تێنەپەڕیوە.
بەهۆی ئەوەی لەسەردەمی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقدا باری خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان لە تەواوی شارەكانی عێراقدا لەوپەڕی خراپیدابوون، بۆ ماوەی نزیكەی یەك ساڵ خۆپێشاندانی سەرتاسەری ئەنجامدرا، كە لەشاری بەسراوە دەستیپێكردو داوای سەرەكیی هاووڵاتیان دابینكردنی ئاوی خواردنەوەو تەزوی كارەبا بوو، بەڵام حكومەتەكەی عەبادی بە ئاگر و ئاسن وەڵامیدانەوە، سەدان هاووڵاتی بەدەستی هێزە ئەمنیەكان كوژراون و برینداربوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group