لە ئەمریكا دەستبەسەر 16.5 تۆن كۆكایندا گیرا

19/06/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
لە ویلایەتی پەنسیلڤانیای ئەمریكا، لەنێو كەشتییەكی بارهەڵگردا كە لە بەندەری ویلایەتەكە نزیكدەبوەوە دەستبەسەر بڕی 16.5 تۆن ماددەی كۆكایندا گیرا، كە بەهاكەی بە ملیارێك دۆلار دەخەمڵێندرێت.
لە راگەیاندراوێكدا، كە لەلایەن سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی دادگای ناوچەی خۆرهەڵاتی ویلایەتی پەنسیلڤانیاوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەكراوە پۆلیسی فیدراڵی لە نێو حەوت كۆنتەینەری كەشتییەكی بارهەڵگردا، كە لە تێرمیناڵی بەندەری پەیكەر مارینای پەنسیلڤانیا نزیكبوەتەوە، دەستیان بەسەر 16.5 تۆن كۆكایندا گرتوە، كە بەهاكەی لە بازاڕدا ملیارێك دۆلار تێدەپەڕێنێت، ئەوەش بەرزترین بڕی مادەی هۆشبەرە تا ئێستا لە مێژوویی ئەو ویلایەتەدا دەستی بەسەرداگیرابێت.
 میدیای ئەمریكا باس لەوە دەكەن كەشتیەكە، پێش ئەوەی بچێتە ئەمریكاوە لە باهاما لەنگەریگرتوە و پێش دوورگەكانی باهاما-ش سەردانی‌ چیللی و پەنامای كردوە.
لە ئێستادا لێكۆڵینەوە دەكرێت لەوەی ئایا كەشتییەكە كە ئاڵای لیبریای هەڵكردوە، كۆكاینەكەی لە باهاما هەڵگرتوە یان دوای جێهێشتنی ئەوێ لە خاڵێكی دیكە هەڵیگرتوە.
بڕیاریش بوە كەشتییەكە پاش پەنسیلڤانیا، بەرەو هۆڵەندا و فەڕەنسا بڕوات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group