هێلكە لە شاری سلێمانی نەما و رێگری لێدەكرێت هاوردە بكرێت

پێش 4 هەفتە رۆژیار سیروان
نەوا
بەبریارێكی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق داوا كراوە لە 30-5 وە رێگری لەهاوردەی بەرهەمی هێلكە بكرێت، لە پێناو بەرزكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و بەرپرسێكی كشتوكاڵیش رەخنە لە بریارەكە دەگرێت  و دەڵێت كە پێویست بوو پێشتر پلانی بۆ دابنرایە، چونكە ئەم بریارە بەردەوام دەبێت . 
لە لێدوانێكدا رزگار حەمەد خدر، جێگری بەرێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بریارێك لە پەرلەمانی عێراقەوە ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق و هەرێم كوردستان كراوە تایبەت بە بەرهەمی هێلكە، كە پرۆژەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە لەعێراقدا توانای دابینكردنی بەرهەمی ناوخۆیان هەیە و لە پارێزگای هەولێر و دهۆك چەند پرۆژەیەكی گەورەی  بەرهەمهێنانی هێلكەی خواردن هەیە و توانای دابینكردنی پێداویستی بازاڕیان هەیە، بۆیەئەم بریارە لە ئێستادا چۆتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە،  بۆ پشتگیری كردنی بەرهەمەكانی هێلكەی خۆماڵیە و رێگە نادرێت هاوردەی هێلكە بدرێت لە دەرەوەی هەرێم بەتایبەتی لە وڵاتی توركیا پێشتر لەوێیوە دەهات .
وتیشی ، بەداخەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكەی خواردن نیە و پشت دەبەستین بە هەولێر و دهۆك بۆ دابینكردنی هێلكە، لە سەرەتای بریارەكە كاری كردۆتە سەر نرخ و لە بازاردا بەرزبۆتەوە، ئەم بریارە بۆ پاڵپشتی كێڵگەكانی پەلەوەر و بەرهەمهێنانی هێلكەی خواردنە و وەكو هاندانێكە تاكو بەرهەمەكانیان لە بازاڕدا ساخبێتەوە و بەو بریارەی لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقەوە دەرچووە بریارەكە بەردەوام دەبێت .
ئاماژەی بەوەشدا كە پێویست بوو ئەم كارە بەشێوەیەكی هاوسەنگ بوایە هەتا ئەو كاتەی كە پرۆژەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە ئامادەبونایە و لە سلێمانیش دروست كرایە، ئەم جۆرە بریارانە جگە لەوەی لە بەرژەوەندی خاوەن پرۆژە ناوخۆییەكانە و پاڵپشتێكە، بەڵام ئەم پرۆژانە پێویستی بە پلانە و ناكرێت بە بریارێكی خێرا و راستەوخۆ بریاری لەسەر بدرێت، دەبوایە ئامادەكاری بۆ بكرایە . 
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخ و چاودێریكردنی بازار، گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامێتی سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بەبریارێكی  وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق  هاوردەی هێلكە قەدەغە كراوە، بەو پێیەش وەكو خۆی لە هەرێمی كوردستان و لە شاری سلێمانی  جێبەجێ كراوە، كە ئەمە تاكە هۆكارە، ئەم بریارەی حكومەتی عێراقیش بۆ پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆییە لە رووی بەرهەمی هێلكەوە . 
وتیشی ، ئەوەی پەیوەست بێت بە ئێمەوە وەكو لیژنەكانی قائیمقامێتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، بەشێكین لە دەزگای جێبەجێ كردن و ئەوەی  پێمان رادەسپێدرێت جێبەجێی دەكەین و ئەوەی نایاسایی بێت رێگری لێ دەكەین .

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group