دۆناڵد ترامپ: ئێران هەڵەیەكی زۆر گەورەی كرد

20/06/2019 جیهان
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا

نەوا
دوای خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمریكا لەلایەن ئێرانەوە، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، "ئێران هەڵەیەكی زۆر گەورەی كرد".
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا رۆژی پێنجشەممە لەسەر هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی: ئێران هەڵەیەكی زۆر گەورەی كرد.
ئەم تویتەی ترامپ دوای ئەوەدێت كە فەرماندەی ناوەندیی ئەمریكا بەرەسمی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی راگەیاندو لەبەرامبەریشدا، سوپای پاسدارانی ئێرانیش ئەو هەواڵەی پستڕاستكردووەتەوە كە فڕۆكەیەیان لە پارێزگای هورمزكان لە باشووری ئەو وڵاتە خستووەتە خوارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی كایەی ئاسمانیی ئێرانی لەو ناوچەیە بەزاندووە.
لێپرسراوێكی سوپای ئەمریكا رایگەیاندووە: فڕۆكەكە بەمووشەكی ئێرانی لەسەر ئاوە نێودەوڵەتییەكانی گەرووی هورمز تێكشكاوە.
بەپێی راپۆرتێكی نووسینگەی ژمێریاریی حكومەتی ئەمریكا، هەر فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان كە بە بەرزیی 18.3 كیلۆمەتر دەفڕن، تێچووەكەیان دەگاتە 222.7 ملیۆن دۆلار.
لایخۆیەوە دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند، بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەن هیچ كەس و لایەنێك كایەی ئاسمانی وڵاتەكەیان ببەزێنێت.
دوابەدوای ئەو لێدوانە دژ بەیەكانەش بەپەلە بەرپرسانی باڵای ئەمریكا لە كۆشكی سپی كۆبوونەوە و تاوتوێی چۆنێتی بەرپەرچدانەوەی ئێرانیان كرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group