"داخستنی خاڵە سنورییەكان كاریگەریی گەورەی لەسەر ناوخۆی عیراق دەبێت"

پێش 4 هەفتە عێراق

نەوا
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، دوای گڕگرتنی كەشتییە نەوتییەكانی دەریای عوممان، هەموو وڵاتانی دەروربەری عیراق ئامادەكاریی خۆیان بۆ شەڕێك لە ناوچەكە كردووە، تەنیا عیراق نەبێت.
عومەر رێكانی، پەرلەمانتاری عیراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە، "دەمانەوێت پلانی حكومەتی عیراق بزانین بۆ روبەروبونەوەی هەر هێرش و شەڕێكی نەخوازراو و ئێمەش یاداشتێكمان داوەتە حكومەت بۆ بانگهێشتكردنی وەزیرەكانی بازرگانی و گواستنەوە و چەندین بەڕێوەبەرایەتی بۆ پەرلەمان، چونكە داخرانی خاڵە سنورییەكان كاریگەریی گەورەی لەسەر دۆخی ناوخۆی عیراق دەبێت".
پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی پارتی كە ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەیە لە پەرلەمان، ئەوەشی وت: "بانگهێشتكردنی وەزیرەكان بە مەبەستی زانینی پلان و بەدیلی گرتنی دەروازە سنورییەكان، بۆ ئەوەیە كە ئایا چ پلان و ئامادەكارییەكیان كردووە بۆ هەر رووداوێك و چۆن خەڵك ناكەوتە ژێر هیچ مەترسییەكی خزمەتگوزارییەوە، بەڵام بەداخەوە هەموو وڵاتانی دەوربەری عیراق ئامادەكاریی تەواویان كردووە، كەچی عیراق ئاگای لێ نییە و ئامادەكارییان نەكردووە".
پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنچشەممە 13ی حوزەیران دوو كەشتیی نەوتی لە دەریای عوممان گڕیان گرت، ئەمەش كاردانەوەیەكی گەورەی لە جیهاندا بە دوای خۆیدا هێنا و پەیوەست بەمەش، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر پێشنیازی ئەمەریكا كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەسەر گڕگرتنی ئەو كەشتییانە ئەنجامدا.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group