"لەلایەن وڵاتانەوە هەوڵ هەیە بۆ پێكهێنانی گروپی چەكدار و تێكدانی دۆخی عیراق"

23/06/2019 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود 
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەڵێت: "لە سوریاوە داعش هەوڵی خۆ رێكخستنەوە دەدات و دەیانەوێت دووبارە بگەڕێنەوە عیراق". ئەوەشی راگەیاند، هەوڵ هەیە لەلایەن وڵاتانەوە تاوەكو گروپی چەكدار لە عیراق پێكبهێنرێت.
ئازاد جەباری سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە رادیۆ نەوای راگەیاند، داعش لە عیراق توانای لۆجستی و ماددی و عەسكەری وەكو پێشتر نەماوە، بەڵام لێرەو لەوێ دەبینرێن لە حەویجەو چەند شوێنكی دیكەو لەحەویجە لە شوێنكی چۆڵدان كە درێژی ناوچەكە 90 كلیۆمەترەو پانتاییەكەی 70 كیلۆمەترەو وەكو ناوچەیەك بۆ خۆیان بەكاری دەهێنن و هەندێكجار بەشەوان لەسنوری حەویجە چالاكی ئەنجامدەدەن و جگە لەو تەقینەوانەی شەوانی رابردووش هیچ شتێكی دیكەیان پێ نەكراوە لەكەركوك.
ئەوەشی وت: "ئەوەی باس دەكرێت لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە باس لەدەركەوتنەوەی داعش دەكرێت لەسوریاو هەوڵی خۆ رێكخستنەوە دەدەن بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتەش لەهەوڵدان بۆ دزە كردنە ناو خاكی عیراق".
سەبارەت بەوەی دەوترێت بۆ پێكهێنانی هێزی چەكدار لەلایەن سوننەكانەوە، ئازاد جەباری سەرۆكی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ رادیۆی نەوا وتی: "ئەگەر ئەو گروپە چەكدارانە دروست بێت لە ژێر دەسەڵاتی حكومەت نامێنێت و ئەوكات هەركەسەو گروپی چەكداری خۆی دەبێت و دۆخەكە وەكو لوبنانی لێدێت و دووبارە دۆخی عیراق تێكدەچێت، بۆ ئەوەش لەلایەن هەندێك لە وڵاتانەوە هەوڵ هەیەو دەیانەوێت بەو گروپانەو بە سوتاندنی گەنمی هاووڵاتیان و لەناوبردنی سەرچاوەی داهاتی دیكەی هاووڵاتیان دۆخەكە تێكبدەن". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group