ئێران: هێرشە ئەلیكترۆنییەكانی ئەمریكا شكستیان هێناوە

24/06/2019 جیهان

نەوا
محەمەد جەواد ئازەری وەزیری پەیوەندییەكان و تەكنەلۆژیای زانیاری ئێران رایگەیاند، هێرشە ئەلیكترۆنییەكانی ئەمریكا بۆسەر ئامانجەكانی ئێران، سەركەوتو نەبون و ئەمریكا شكستیهێناوە.
دوای بڵاوبونەوەی چەندین راپۆرت، كە باس لەوەدەكەن وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا "پێنتاگۆن" هێرشی ئەلیكترۆنی كردوەتەسەر ئێران بۆ پەكخستنی سیستمی موشەكی ئەو وڵاتە و ماوەیەكی زۆرە خەریكی داڕشتنی ئەو پلانەیە، محەمەد جەواد ئازەری لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردوەتەوە "بەوپەڕی بەهێزییەوە هەوڵدەدەن، بەڵام هیچ هێرشێكی سەركەوتویان ئەنجام نەداوە".
دەشڵێت "دەزگاكانی راگەیاندن پرسیاری ئەوەدەكەن ئایا هێرشە ئەلیكترۆنییەكانی دژی ئێران راستن؟ ئێمە ماوەیەكی زۆر درێژە روبەڕوی تیرۆری ئەلیكترۆنی بوینەتەوە و تەنها لەساڵی پێشودا 33 ملیۆن هێرشكراوە".
تابێت گرژیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەزیادبوونەو سەرجەم ئاستەكانی گرتووەتەوە، لەچەند رۆژی پێشووشدا ئێران فڕۆكەیەكی سیخوڕی ئەمریكای خستنە خوارەوەو ئەمریكاش هەوڵی تۆڵكردنەوەیدا بە بەئامانجگرتنی دامەزراوەیەكی سەربازی ئەو وڵاتە بەڵام لەدواجاردا دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەو وڵاتە هێرشەكەی راگرت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group