ئەمریكا: ئێران دوو بژاردەی دانوستان و داڕمانی ئابوریەكەی لەبەردەمدایە

24/06/2019 جیهان
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا

نەوا
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، ئامانجیان لە فشارەكانی سەر ئێران دوو داواكاری سادەیە، لێپرسراوێكی ئەمریكیش باس لەوەدەكات: تاران دوو بژاردەی  دانوستان و داڕمانی ئابوری لەبەردەمدایە.
لە تویتێكدا ترامپ، لە بارەی بەردەوامی گوشارەكانیان بۆ سەر ئێران رایگەیاندووە، لە رێگەی ئەو فشارانەوە تەنها دوو داواكاری سادەیان لە دەسەڵاتدارانی تاران هەیە، ئەوانیش دەستبەرداربوونیان لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی و كۆتاییهێنان بە پاڵپشتی كردنی تیرۆرن.
لەلایەكی دیكەوە، برایان هۆك نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران رایگەیاند، ئەگەر دەسەڵاتدارانی تاران نەیەنە سەر مێزی دانوستان، دەبێت بینەری داڕمانی تەواوەتی ئابوری وڵاتەكەیان بن.
هاوكات هەر سەبارەت بە گرژیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، عادل جوبەیر، وەزیری راوێژكار بۆ كاروباری دەرەوەی سعودیە بە رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی راگەیاندووە: لە ئێستادا تاران بەرەوڕووی توندترین سزا ئابوریەكان بوەتەوە و ئەم سزایانەش توندتر دەكرێنەوە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە شەڕانگێزی و سیاسەتی هێرشبەرانە، ئەوەشی روودەدات باجی كردەوەكانیەتی.
ئەو بەرپرسە سعودیە جەختی لەوەشكردۆتەوە كە ریاز بە هیچ جۆرێك لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ لە دژی ئێران نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group