"بازنەیی 100 مەتری سلێمانی كورت دەكرێتەوە لە جوت سایدی تاسڵوجە عەربەت"

24/06/2019
رێكەوت زەكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

نەوا
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باس لەوەدەكات پڕۆژەی شەقامی بازنەیی 100 مەتری شارەكە لە جوت سایدێكی بێ خزمەتگوزاری كورتدەكرێتەوە، راشیدەگەیەنێت، ئەو بودجەیەی بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەكە تەرخانكرابوو، خەرج نەكراوە.
رێكەوت زەكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە نوسێنێكدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك باسی لەوەكردووە: بابەتی شەقامی 100 مەتری یەكێكە لەپرۆژە ستراتیژیەكانی شاری سلێمانی كەخزمەتی گەورە بەژێرخان و كەرتی گواستنەوەو ئـاوەدانی ئـەم شارە دەكات، بەڵام مخابن خەونی شەقامی بازنەیی 100 مەتری وا كورت دەكرێتەوە بۆ جوت سایدێكی ڕوتی بێ خزمەتگوزاری لەنێوان تاسڵوجە-عەربەت.
رونیشیكردۆتەوە: بەمەی ئـێستا هەنگاوی بۆ دەهاویژرێت شتێك نییە بەناوی شەقامێكی بازنەیی 100 مەتری بەڵكە تەنیا دەمێنێتەوە بەشێكە لە 3 بەش، كە تەنیا جوت سایدی تاسڵوجە-عەربەتە چونكە 2 بەشەكەی تری پرۆژەی نیشتەجێبوون و گەشتیاری مۆڵەتداری دیكەی لەسەر دروستكراوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشكردوە: تائـێستا یەك دینار نەخراوەتە خزمەتی دەستپێكردنی پرۆژەكەوە، نە 90 ملیارەكەی سەرەتاو نە 50 ملیارەكەی دواتریش، تەنیا ژمارەی سەر كاغەزن.
رێكەوت زەكی لە كۆتاییشدا بە توانجەوە نوسیویەتی: "بۆ ئـەوەی بزانین كێ سەبەبكارە، كێ كەمتەرخەمە، بۆچی پرۆژەكانی ئـەم شارە دەكرێنە عوقدەو ئـیش ناڕوات، بۆچی دوای زەردبون تانكەرە ئـاو دەگاتە باخچەو بلوارەكان، بۆچی ترومپاكانی ئـاوی دوكان -سلێمانی پارەی بۆ تەرخانناكرێت، بابچینە سەر وەیس".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group