فەرهاد پیرباڵ بە ئۆتۆمبێل خۆی كرد بە بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی هەولێر

24/06/2019

نەوا

فەرهاد پیرباڵ مامۆستای زانكۆ وەك پشتگیریەك بۆ ئەو كچە نیقابپۆشەی یەكێك بوو لە یەكەمەكانی تاقیكردنەوەكانی 12 ی ئامادەیی بە ئۆتۆمبێل خۆی كێشا بە پرسگەی بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر.
فەرهاد پیرباڵ چەند كاتژمێرێك بەر لەو كارەی لە پەیجی خۆی لە فەیس بووك نوسیبووی " ئەگەر هێشتم ئەمشەو وەزیری پەروەردە بنوێ، فەرهاد نەبم".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ بەر لە هەڵكوتانە سەر بینای پەروەردەش رایگەیاندبوو، خەڵك پشتگیری ئەو هەڵوێستەی دەكەن و ئەو كچە نیقابپۆشە بە كچی خۆی و كچی هەموو خەڵك دەزانێت.
وتیشی: چاوەڕێی وەزیری پەروەردە دەكات و لێی خۆش نابێت.
ئێوارەی رۆژی یەكشەممە و لە كاتی راگەیاندنی ئەنجامەكانی تاقیكردنەوەكانی 9 ی بنەڕەتی و 12 ی ئامادەییدا، یەكێك لە 10 یەكەمەكانی هەرێم كە نیقابپۆش بوو لە كاتی ناساندنیان برایە دواوە خوێندكارانی تر و ئەوەش كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
سەبارەت بەو روداوە، لیژنەی ڕێكخستنی مەراسیمی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ئەزمونە گشتییەكان رایگەیاند، بردنەدواوەی قوتابییەكە هیچ پەیوەندی بە باڵاپۆشییەكەیەوە نەبوە، بەڵكو لە ڕێكخستنی یەكەم و دوەم و سێیەمەكانی ئاستی هەرێم و لە چوارچێوەی ڕیزبەندی، داوا لە سێیەمەكان كراوە بچنە پشتەوە و دوەمەكان لە ڕێزی دوەم و یەكەمەكانیش لە پێشەوە بوەستن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group