محەمەد عوسمان: یەكێتی یەك كاندید بۆ پارێزگاری كەركوك دیاریدەكات

24/06/2019
محەمەد عوسمان پەرلەمانتاری یەكێتی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لە كەركوك
نەوا-كاروان مەحمود 
پەرلەمانتارێكی كەركوكی یەكێتی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: "یەكێتی بەرپرسە لە دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك و هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناوی یەك كاندیدی بۆ پارێزگار دیاریدەكرێت".
محەمەد عوسمان پەرلەمانتاری یەكێتی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لە كەركوك بە رادیۆ نەوای راگەیاند، وەفدی یەكێتی بەفەرمی بەپارتییان وتووە ئەگەر هاوتەریبی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم پارێزگاری كەركوكیش یەكلایی دەبێتەوە ئەوا ئێمە ئامادەین هاوكارو بەشداری ئەو حكومەتەبین، بەڵام ئەگەر لە رێككەوتنەكە پەشیمان دەبنەوە ئەوا ئێمە نە كاندیدمان بۆ حكومەت دەبێت و نە بەشدار دەبین و نە هیچ پۆستێكیش بە بەتاڵی بۆ یەكێتی بهێڵنەوە، واتە پێویستە لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، پارێزگاری كەركوكیش كە بژاردەی یەكێتی بێت یەكلایی بكرێتەوە.    
سەبارەت بەوەی دەوترێت یەكێتی كاندیدێكی دیكەی دیاریكردووە بۆ پارێزگاری كەركوك و لەلایەن پارتییەوە رەتكراوەتەوەو ناوی كەسێكی دیكە لەلایەن پارتییەوە دیاریكراوە، محەمەد عوسمان پەرلەمانتاری كەركوكی یەكێتی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ رادیۆی نەوا وتی: "ئەوەی لە راگەیاندنەكان باس دەكرێت و بڵاو دەكرێتەوە لەبارەی ناوی كاندیدەكان ناچێتە چوارچێوەی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی، رەنگە زۆر ناو بڵاوكرابێتەوە گوایە بۆ پارێزگاری كەركوكە، بەڵام یەكێتی ناوی یەك كەس بۆ پارێزگاری كەركوك دیاریدەكات و دەبێت هاوتەریبی پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێم بێت".
وتیشی: "یەكێتی بەرپرسە لەدانانی پارێزگاری كەركوك، واتە بەرپرسە لە دیاریكردنی ئەوكەسەی دەكرێتە پارێزگار، ئەوەی تائێستا دەوترێت تەنها قسەیەو لەگەڵ پارتی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group