"وادەی سەردانی لیژنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەرێم دیاری نەكراوە"

پێش 3 هەفتە

نەوا - كاروان مەحمود
ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سروشتیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، بەفەرمی لەبارەی سەردانی لیژنەكەی پەرلەمانی عیراق بۆ بەدواداچوونی پرسی نەوتی هەرێم و داهاتەكەی ئاگادار نەكراوین و ئەوەشی وت: "سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە نێچیرڤان بارزانی كردووە تاوەكو 250 هەزار بەرمیل نەوتەكەی هەرێم رادەستی حكومەتی بەغدا بكرێت".
غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەو سامانە سروشتیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، "ئەوەی لەلای ئێمە رونە نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران داوایلێكراوە 250هەزار بەرمیل نەوتەكەی هەرێم رادەستی بەغدا بكرێت تاوەكو كێشەكان چارەسەر بكرێت، بەڵام سەرۆكی هەرێم رایگەیاندووە، كۆمەڵێك كێشە هەیە دەبێت لەسەری رێكبكەوین، ئەوەش پێم وابێت لەسەر داهاتی نەوت و قەزری كۆمپانیاكانی نەوتە".
وتیشی: "لەلایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاندراوە بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك تایبەت بە بەدواداچوون پرسی نەوتی هەرێم و داهاتەكەی و پارەی كۆمپانیاكانی نەوت تاوەكو بتوانرێت راپۆرتێك لەوبارەیەوە ئامادەبكرێت".  
سەبارەت بە سەردانی لیژنەكەی پەرلەمانی عیراق بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ كێ دەبێت، غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەو سامانە سروشتیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بۆ رادیۆ نەوا وتیشی: "ئەوەی زانیاریمان هەبێت لەگەڵ لیژنەی پەرلەمانی كوردستان دانیشتن دەكرێت ئەگەر بەڕونی قسەبكەم لەو دانیشتە هیچی وامان دەست ناكەوێت، چونكە لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان نوێیەو بەدواداچوونیان نەبووە بەهۆی پێكنەهێنانی حكومەتی هەرێم، هەروەها پرسی نەوت و پارەو قەرزەكانی هەرێم لەدەرەوەی پەرلەمانی كوردستانەو زانیاری بەوان نادرێت، بەڵام رەنگە وابزانن پەرلەمانی كوردستان هاوشێوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاگاداری قەرزو داهاتی نەوت و رەوانەكردنییەتی، بەڵام "بەرپرسەكانی پارتی و یەكێتی، سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی، وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان و وەزیری نەوت" واتە ئەنجومەنی نەوت و غاز ئاگادارن لەپرسی نەوت و داهاتەكەی".
راشیگەیاند، "من پێم راگەیاندن ئەگەر لەگەڵ ئەنجومەنی نەوت و غازی هەرێم دانەنیشین هیچ زانیارییەكمان دەست ناكەوێت، رەنگە ئێمە زیاتر ئاگادار بین لە لیژنەی پەرلەمانی كوردستان یاخود لیژنەیەكی دیكە، بەڵام بەفەرمی ئاگادار نەكراوین و چاوەڕاندەكەین بزانین كەی بەفەرمی لەبارەی سەردانەكەمان بۆ هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەدواداچوونی پرسی نەوت و داهاتەكەی ئاگادار دەكرێین".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group