"پەرلەمانی عێراق كار بۆ لە كارخستنی پێنج وەزیری كابینەكەی عەبدولمەهدی دەكات"

25/06/2019 عێراق

نەوا
ڕیاز مەسعودی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سائیرون، ئەوەی ئاشكرا كردووە هەوڵی پەرلەمانتاران لەئارادان بۆ لەكارخستنی 5 وەزیری كابینە وەزارییەكەی عادل عەبدولمەهدی.
مەسعودی لە لێدوانێكیدا بۆ "مەعلومە" وتی: ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی عێراق، واژووی پەرلەمانتارەكانیان كۆكردووەتەوە بە مەبەستی لەكارخستنی 5 وەزیر لەكابینە وەزارەییەكەی عادل عەبدولمەهدی.
وتیشی: پڕۆسەی لەكارخستنی ئەو وەزیرانە هەر یەك لەنەعیم ڕوبەیعی وەزیری گەیاندن و پەیوەندییەكان، لوئەی خەتیب وەزیری كارەبا، فوئاد حسێن وەزیری دارایی، سامر غەزبان وەزیری نەوت و محەمەد عانی وەزیری بازرگانی دەگرێتەوە.
مەسعودی ئاماژەی بەوەشدا، ئەو 5 وەزیرە، بۆیە لەكاردەخرێن، چونكە پەیوەستن بە پرسی لێپرسینەوە و دادپەروەرییەوە و لەمامەڵە و سەودای گەندەڵیی داراییەوە گلاون، ئەوەشی وت ئەو وەزیرانەە پابەندی بڕگەكانی پرۆگرامی حكومەتی فیدڕاڵی نەبوون.
ناوبراو باسی ئەوەشیكرد، كە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەچەند ڕۆژی داهاتوودا لێپرسینەوە لەو وەزیرانە دەكات، نیازیشی وایە لەكاریان بخات، ئەمەش لەپێناو ڕاستكردنەوەی ئاراستەی پڕۆسەی سیاسی بۆسەر ڕێگە ڕاستەقینەكەی خۆی.
پێشتریش لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئەوەی ئاشكراكردبوو، كە عادل عەبدولمەهدی داواكارییەكی خراوەتە بەردەست بۆ لەكارلادنی 4 وەزیر بەو پێیەی سەرپێچییان هەبووە.
عومەر توعمەی سەرۆكی فراكسیۆنی "میتۆدی نیشتمانی" لە لێدوانێكی پێشوودا ئەوەی ئاشكرا كردبوو، كە زانیاری و بەڵگە لەبەردەستدان بەتێوەگلانی هەندێك لە وەزیرەكان لە تیرۆرەوە .
وتیشی دۆسیەیان لایە، كەڕەوانەی لایەنی چاودێری تایبەتمەند كراون سەبارەت بەگەندەڵی دارایی و كارگێڕی، كە دەچێتە بواری پسپۆڕی ڕێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەری.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group