لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوە زەنگێكی دیكەی مەترسیدار لێدەدرێت

25/06/2019
جوان یونس رۆژبەیانی سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان

نەوا-كاروان مەحمود
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "مەترسییەكی دیكە لەسەر ناوچە كوردستانەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروستبووەو خێزانە كوردەكان لەهەوڵی بەجێهێشتی ناوچەكانیان و فرۆشتنی موڵكەكانیانن".
جوان یونس رۆژبەیانی سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆی نەوا وتی: "بەگشتی نوێنەری ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ پەرلەمانی كوردستان بانگكراون و لە نزیكەوە گفتوگۆمان لەگەڵ كردون و یاداشت و راپۆرتی خۆیان لەوبارەیەوە پێشكەش كردووین، لەپلانمان هەیە سەردانی چەند ناوچەیەكی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بكەین و رۆژی پێنج شەممە سەردانی نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان دەكەین لە قەرەهەنجیرو لە داهاتووش سەردانەكان بەردەوام دەبێت".
وتیشی: "راپۆرتی خۆمان لەبارەی سەردانی لیژنەكەمان بۆ ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئامادە دەكەین و لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمیش لەگەڵ چەند خاڵێكی دیكە كە خۆمان بەرنامەمان هەیە كاری لەسەر بكەین سەردانی بەغدا دەكەین و پێویستە حكومەتی بەغدا هاوكارمان بێت و پێكەوە كار بكەین بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان".
سەبارەت بە بەردەوامی كێشەو گرفتەكانی هاووڵاتیانی كورد لەناوچە كێشە لەسەرەكان و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، جوان یونس رۆژبەیانی سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا رایگەیاند، تەعریب لەوناوچانە بەردەوامە، بەڵام بەراورد بە پێشتر كەمێك لاوازتر بووە، ئەوكاتەی نوێنەری ئەو ناوچانە سەردانیان كردین لەكاتی سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیاران بوو وەخانووی كوردەكان داگیر دەكراو بەزۆر دەردەكران لە ئێستادا تاڕادەیەك بەردەوامی هەیە".
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان مەترسییەكی دیكەی لەسەر هاووڵاتیانی كوردی ئەو ناوچانە ئاشكرا كردو وتی: "زۆربەی خێزانە كوردەكانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەردانی نوسینگەكانی فرۆشتنی خانو زەوی دەكەن و داوای فرۆشتنی موڵكەكانیان دەكەن و ئیتر بەلایانەوە گرنگ نییە عەرەب دەیكڕێت یاخود نا، دەیانەوێت بیفرۆشن كە ئەوەش زەنگێكی مەترسیدارە بەجدی، ئێمە نامانەوێت كورد ئەو ناوچانە بەجێبهێڵێت".
باسی لەوەشكرد، "ئەوەی كە دەستمان پێیان بگات لەو خێزانانەی بەنیازی فرۆشتنی خانوەكانیان و جێهێشتنی ئەو ناوچانەن لە رێگەی نوێنەرەكانیانەوە داوامان لێكردون لەجێگەی خۆیان بمێننەوە، چونكە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن و سەرژمێریش ئەنجامدەدرێت و گرنگە كورد بونی خۆی بسەلمێنن و ناوچەكانیان جێنەهێڵن تاوەكو ئەوكاتیش لیژنەكەی ئێمە سەردانی بەغدا دەكەین".
راشیگەیاند، وەكو هەنگاوی یەكەم داوای گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراق دەكەین لەشوێنی ئەو هێزانەی لەئێستادا لەوناوچانەن چونكە ئەو هێزانەی ئێستا توانای بەڕێوەبردنی ئەمنییەتی ئەو ناوچانەیان نییەو بێهێزی ئەوانیش وایكردووە خەریكە داعش جارێكی دیكە خۆی رێكدەخاتەوەو دەبێتە مەترسی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group