پارتی: مەحاڵە لەگەڵ سوێندخواردنی سەرۆكی حكومەت پارێزگاری كەركوكیش دابنرێت

26/06/2019
بلند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی 16ی پارتی

نەوا
بەرپرسێكی پارتی پێیوایە، لەگەڵ یەكێتی نزیكبونەتەوە لەچارەسەركردنی كێشەكان، لە هەمانكاتدا دەشڵێت: ئەستەمە لەگەڵ سوێند خواردنی سەرۆكی حكومەت پارێزگاری كەركوك دابنرێت.
بلند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی 16ی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی ڕاگەیاندوە: "دوای دانانی وەزیری دادی عێراق گرێكوێرەی نێوان پارتی و یەكێتی تا ڕادەیەكی باش كراوەتەوە و نیوەی كێشەكە چارەسەر كراوە، چونكە برادەرانی یەكێتی ئەو پرسەشیان تێكەڵ بە پرسی دانانی پارێزگاری كەركووك كردبوو، پارتی هاوكاردەبێت بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركووك، بەڵام ئەگەر برادەرانی یەكێتی بڵێن لەگەڵ سوێندخواردنی كاندیدی ڕاسپێردراوی پارتی، كە مەسرور بارزانیە، پارێزگاری كەركوكیش دەستبەكاربێت ئەمە لەڕووی هونەرییەوە شتێكی مەحاڵە، چونكە پڕۆسەكە پێویستی بە كاركردن هەیە."
ئەو بەرپرسەی پارتی راشیگەیاندووە: "دانانی پارێزگاری كەركووك تەنیا پەیوەست نییە بە كوردەوە، بەڵكو پێویستی بە هاوكاریی حكوومەتی بەغدا هەیە و پێكهاتەكانی دیكەی كەركووكیش داوای پۆست دەكەن. لە كەركووك بابەتەكە هەر دانانی پارێزگار نییە، دەكرێ بگەینە ڕێككەوتن، بەڵام دوواتر كار بۆ دانانی پارێزگار بكرێت."
ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت: "پارتی كێشەی لەسەر ناوی پارێزگار نییە، بەڵام ئەوەی دووای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەبێتە پارێزگاری كەركووك، كە ئەو پارێزگایە چەندین كێشەی تێدایە، پێویستە كەسێكی دڵسۆز و كوردپەروەر بێت و بەهەموولایەك هاوكاریبن. لەبەر ئەوەش، پارتی زۆر پێداگری لەسەر ناوەكان دەكات، بۆ ئەوەی ناوێك بێت كە شایستەی ئەو پۆستە بێت."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group