مشتومڕەكانی "حكوومەتی بێ پەروەردە" لە عێراق گەرمدەبن

26/06/2019 عێراق

نەوا
پڕنەكردنەوەی پۆستی وەزارەتی پەروەردە لەدوای تێپەڕینی هەشت مانگ بەسەر پێكهێنانی حكوومەتی عێراقدا، مشتومڕەكانی "حكوومەتی بێ پەروەردە"ی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گەرمكردووە. 
مانگی تشرینی یەكەمی پارساڵ، كابینەیەكی حكوومەت بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمهەدی، بە بێ دەستنیشانكردنی وەزیر بۆ چوار وەزارەتی گرنگ، پێكهێنرابوو. تا چەند رۆژ بەر لە ئێستا لەمەوبەر حكوومەتی عێراق كە لە 22 وەزارەت پێكهاتووە، هەریەك لە وەزیرەكانی بەرگریی، ناوخۆ، داد و پەروەردەی نەبوو، پۆستەكان بە وەكالەت بەڕێوەدەبران. 
لەدانیشتنی رۆژی 24ی حوزەیرانی پەرلەمانی عێراقدا، هەریەك لەو كەسانەی بۆ پۆستە وەزارەتی بەرگریی، ناوخۆ و داد دەسنیشانكرابوون، دەنگیان لەسەردرا و پەسەندكران. بەڵام ئەو كەسەی بۆ پۆستی وەزارەتی پەروەردە دەستنیشانكرابوو، دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا و متمانەی پێ نەبەخشرا.
لەبەرامبەر ئەمەدا ژمارەیەك لە رۆژنامەوانان و چالاكوانە مەدەنییەكان، تانەكانیان لە نەبوونی وەزیری پەروەردەیان لە حكوومەتدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە بەكارهێنانی گوزارشتی "حكوومەتی بێ پەروەردە" دەربڕی.  
لایخۆیەوە رۆژنامەنووس و چالاكوان، مستەفا سەعدوون لە هەژماری خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی "حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی كەموكوڕیی هەیە و بێ پەروەردەیە. واتە وەزیری پەروەردەی نییە".  
هەروەها رۆژنامەنووس، خەمیس خەزرەجی رایگەیاندووە "حكوومەت تەواوكرا بەڵام بێ پەروەردە مایەوە. حكوومەت پێویستی بە پەروەردەیە". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group