هەولێر.. ئەندامانی باندێكی تەزویركردنی پاسپۆرت و ڤیزا دەستگیركران

27/06/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەستگیركردنی 10 هاوڵاتی عیراقی و سوری راگەیاند، كە ڤیزا و پاسپۆرتیان ساختەكردوە، تائێستاش دەستگیراوەبەسەر 6 ڤیزای توركیا و 4 ڤیزای ئەڵمانیادا.
لەوبارەیەوە سامی جەلال بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی "لەماوەی رابردودا لەلایەن فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە ئاگاداركراونەتەوە هەڵگری چەند پاسپۆرتێك دەستگیربكەن، كە ڤیزای تەزویر و نایاساییان هەیە، بۆیە لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ لێكۆڵینەوەكان دەستیانپێكرد و چەند كەسێك بە تۆمەتی لێدانی ئەو ڤیزایانە دەستگیركران، كە لە كۆمپانیای گەشتیاریدان و بەمەبەستی دەستخستنی پارە، چەندین ڤیزای ساختەیان لێداوە".
باسی لەوەشكرد، لە خاڵی پشكنینی ئیبراهیم خەلیل ژمارەیەك ڤیزای ساختە دەستیان بەسەرداگیراوە، كە خاوەنی پاسپۆرتەكان سوری بون و پاسپۆرت و ڤیزای ساختەیان بۆ دروستكراوە، هەروەها ژمارەیەك پاسپۆرتی ساختەش دەستیان بەسەرداگیراوە، ئەویش دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی موسڵ كەوتە دەست داعش پڕكراونەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی رونكردەوە، هێڵی گەرم لەنێوان وەزارەت و كونسوڵخانەكاندا هەیە، ئەو باندە سەربە وڵاتێكی دراوسێن و ئێستا پۆلیسی ئەو وڵاتە بەدوای تۆمەتبارانەوەن، بەڵام ئەوانەی لە هەرێم ساختەكارییان كردوە خەڵكی هەولێر و سوریان و هەموویان دەستگیركراون.
هەروەها لەبارەی بەكارهێنانی ئامێرەكانی ساختەكاری، ئاراس ئەسعەد مولازمی یەك و پسپۆڕی بەڵگە و تاوان وتی "ژمارەیەكی زۆر تەزویر ئەنجامدراوە و رێكخراوی داعش ژمارەیەكی زۆری لەو پاسپۆرتانە بەكارهێناوە، هەروەها مۆر و ڤیزای ساختە لە رێگەی بەرنامەكانی فۆتۆشۆپ و دیزاینەوە دروستكراون".
لەلایەن خۆیەوە رائید رزگار فەرزندە بەڕێوەبەری نشینگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش باسی چۆنێتی ئاشكرابونی ڤیزا ساختەكانی كرد و وتی "لە یەكەم حاڵەتدا، كە تەزویرەكە ئاشكرابوو، پێمانوابوو لە دەرەوەی وڵات ڤیزاكە لێدراوە، دواتر كە حاڵەتی دووەم و سێیەمی بەدواداهات بۆمان دەركەوت ئەو ڤیزایانە لەناو هەرێمدا لێدراون".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group