رێكخراوێك: ئەو ئامارانەی لەبارەی رووداوەكانی هاتوچۆ دەخرێنەڕوو راستەقینە نین

02/07/2019 نەوا - رۆژیار سیروان - سلێمانی

رێكخراوانی كۆمەڵی مەدەنی وۆرك شۆپێكیان لە ژێر دروشمی (رووداوەكانی هاتووچۆ زەنگێكی مەترسیدار) لە شاری سلێمانی ئەنجام دا، بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هاتووچۆ و پەروەردە داوای هۆشیاری زیاتر دەكەن بۆ رێگری كردن لە رووداوەكانی هاتووچۆ. سەرۆكی رێكخراوی هێڵی سور دەڵێت، بەشێكی روداوەكانی هاتوچۆ لایەنی پەیوەندیدار خۆی بەشدارە .
لەو بارایەوە  رائید كاروان محمد، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لە هەرێمی كوردستان خەڵكانێكی زۆر بە كارەساتی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن ، لە 6 مانگی رابردوو لەسنووری پارێزگای سلێمانی 75 هاوڵاتی گیانی لەدەست داوە و 1459 هاوڵاتی بریندار بووە لە كۆی 540 رووداو كە تۆمار كراوە، لە چاو شەش مانگی ساڵی رابردوو لە بریندار و گیان لە دەستدان كەمی كردووە . 
وتیشی ، داواكارین لە دام و دەزگاكانی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە گرنگی و بایەخەوە كار لەسەر ئەم راسپاردانە بكەن كە لەم وۆركشۆپانەوە دەست دەكەوێت، یەكێك لەو خاڵانەی زۆر جەختی لێكرایەوە خراپی هەلومەرجی رێگاوبانەكان بوو، بەشێكی زۆری گیان لە دەستدانەكان لە رێگاوبانەكانی دەرەوەی سلێمانی بووە لەو رێژەیەی 75 كەس گیانیان لە دەست دابوو، 54 هاوڵاتی لە رێگای دەرەوەی سلێمانی بووە وئەمەش ئەوە دەرەخات كە دۆخی رێگاو بانەكانمان خراپە .


سەبارەت بە دۆخی هاتوچۆ و یاساكانی تایبەت بە رێكارەكانی رووبەروو بونەوەی روداوەكان، نەجات نەجم، سەرۆكی رێكخراوی هێڵی سوور بە رادیۆ نەوای راگەیاند ، پێویستە پەرلەمان یاسایەكی جێگیر و سەردەمیانە دەربكات، بەتایبەت ئەو یاسایەی ژمارە 86 ساڵی 2004 هاتووە هۆكارێكی زۆری رووداوەكانی هاتووچۆیە، چونكە سەرجەم سێكتەرەكانی نەگرتۆتەوە، ئەم یاسایە لە 38 ماددە پێكهاتووە و عێراق لە مێژووی خۆیدا چوار ماددە یاسای هەبووە، یەكەم یاسای كە پێی دەوترێت ( بەڕی)، لەسەردەمی مەلیك غازی دەركراوە زۆر لە یاسای ژمارە 34ی ساڵی 2004 باشترە ، چونكە ئەو كاتە 50 ماددە یاسا بووە و بەڵام ئەمەی ئێستا 38 ماددە یاسایە لەگەڵ پاشكۆیەك ئەوەندە كەموكوڕی تێدایە بۆیە پێویستە بیروخێنیت و لە سەرەتاوە دروست بكرێتەوە و دابرێژرێتەوە .
وتیشی ، بەشێكی زۆری رووداوەكانی هاتوچۆ  هەرلایەنی پەیوەندیدار خۆی بەشدارن، لە رووی هێنانی ئۆتۆمبیلی كوالیتی خراپ، شەقامی خراپ  و بە دیزاینی شەقامی هەڵە . 
باسی لەوەشكرد، بەبەڵگەوە دەیسەلمێنم  ئەو ئامارانەی دەخرێتە روو كەمتر لە ٪60  ئاماری راستەقینەیە، بەشێكی روداوەكان بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی شۆفێریەوە یاخود ئۆتۆمبیلەكانیان تۆمار نەكراوە لەو شوێنەدا پێكدێن و كۆتایی پێدەهێنرێت، بەرێوەبەرایەتیەكانیش بەداخەوە لە ئێستادا كێبركێیانە  كامیان بڵێت ئێمە رووداومان كەمكردۆتەوە، بە دۆكۆمێنت لامە تەنها هاتوچۆی سلێمانی بۆ ساڵی 2017 تا 2018  ئامارەكەی خۆی بڵاوی كردۆتەوە لەگەڵ ئامارەكەی هاتوچۆی هەرێم 1038 كەس كەمتریان ووتوە لە رووی  بریندار بوونەوە . 


لەلای خۆشیەوە ، یەعقوب كاكل، رێكخەری وۆركشۆپەكە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو گرفتانەی لەبەردەم ئایندەی هاتوچۆ دروست بووە بە رادیۆ نەوای وت، بە پلەی یەكەم هۆشیاری گشتیە پێویستە لە مەنهەجی پەروەردەیە رێگای بۆ بكرێتەوە پاشان گرفتی رێگاو بانەكانە بەتایبەتی كوالیتی ئەو مەوادانەیە كە لە رێگاو بانەكاندا دادەنرێت و پاش ماوەیەك لە دانانی هەڵدەوەشێتەوە و خراپ دەبێت، رەچاوی جوگرافیا و ناوەی هەرێمی كوردستان ناكرێت لە رووی كەش و هەواوە . 
شارەزایەكی هاتوچۆ رووداوەكانی هاتووچۆ بە تیرۆری سپی دادەنێت و ئەو جەنگانەی دژی داعش ئەنجام دراوە رێژەی گیان لە دەست دان و بریندار بوون بە رووداوەكانی هاتوچۆ هیچی كەمتر نیە لەو ئامارانە، هەڵكەوت عەبدوڵا، شارەزا لەبواری هاتوچۆ  ئاماژەی بەوەشدا، رووداوەكانی هاتووچۆ چوار هۆكاری سەرەكی هەیە، یەكەمیان خودی مرۆڤ یاخود شۆفێرە، دووەمیان  رێگاو بانەكان و سێیەمیان توندوتۆڵی ئۆتۆمبیل و چوارەمیان سەروەرنەبوونی یاسایە، ئەم چوار هۆكارە رێگایەكە بۆ دروست بوونی روداوەكانی هاتوچۆ. 
وتیشی ، زیاتر لە 10 ساڵە قسە لەسەر ئەوە دەكەین، كە روداوەكانی هاتوچۆ تیرۆری سپی دروست كردووە، بەڵام هەتاكو ئێستا  لە حكومڕانی كوردستاندا هەڵوێستەیەكی جدی لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام نەداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group