حكومەتی عیراق بەیاننامەیەكی بەپەلەی بڵاوكردەوە

11/07/2019 عێراق

نەوا
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا، هۆشداریی لە روودانی كارەساتێك دەدات.
وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، باڵیۆز بەكر فەتاح حوسێن بەناوی عیراق بەشداریی كۆبوونەوەی نائاسایی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی كردووە، كە رۆژی چوارشەممە لە ڤیەننا سازكرا.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق هەروەها رایگەیاندووە، باڵیۆزەكەی عێراق باسی لە گرنگیی پابەندبوون بە رێككەوتننامەی ناوكیی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك كردووەو هۆشدارییداوەو رایگەیاندووە، "پابەندنەبوون بەو رێككەوتننامەیە، كارەساتێك لە وڵاتانی دراوسێی ئێران دروستدەكات".
زیاتر لە ساڵێكە پەیوەندییەكانی تاران و واشنتن گەیشتوونەتە خراپترین ئاست و ئەمریكا ژمارەیەك سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە.
دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتننامەی ناوكی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە كرد، كە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاكانی ئەمریكا بن بەسەر ئێران.
شەوی 8-5-2018، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی وڵاتەكەی لە رێككەوتنی ناوكیی ئێران و  وڵاتانی پێنج كۆ یەك، ئیمزا كرد.
رێككەوتنی ناوكیی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك لەسەرەتای نیسانی 2015 لەشاری لۆزان لە سویسرا ئیمزا كرا، كە بەپێی ئەو رێككەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستكردنی چەكی ناوكی دەبێت و ئەمریكاش سزاكانی لەسەر ئەو وڵاتە سووك دەكات.
وڵاتانی پێنج كۆ یەك بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە لە (ئەمریكا، فەڕەنسا، روسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێكدێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group