"پێویستە هەموو دەرمانخانەكانی هەرێمی كوردستان سیستمی فرۆشتن بكەنە كۆمپیوتەری"

11/07/2019

نەوا
ئەندامێكی ئەنجومەنی سەندیكای پزیشكان رایدەگەیەنێت، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە كابینەی هەشت بڕیاری دەركرد كە پێویستە هەموو دەرمانخانەكانی هەرێمی كوردستان سیستمی فرۆشتن بكەنە كۆمپیوتەری.
د. چالاك كەریم ئەندامی ئەنجومەنی سەندیكای پزیشكان بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە كابینەی هەشت بڕیاری دا كە پێویستە هەموو دەرمانخانەكانی هەرێمی كوردستان سیستمی فرۆشتن بكەنە كۆمپیوتەری لە ئێستادا سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان هەستاوە بەجێبەجێكردنی ئەو بڕیارە.
وتیشی: "لە ئێستادا دەرمانخانەكان خۆیان سەرپشكن لەگەڵ هەر كۆمپانیایەك رێككەوتن دەكەن بۆ بەسیستمكردنی دەرمانخانەكانیان، بەڵام پێویستە لەماوەی دوو مانگداو تا بەرواری 10ی ئەیلولی 2019 هەموو دەرمانخانەكان سیستمی فرۆشتنیان بكەنە كۆمپیوتەری و پابەندبن بەو بڕیارەوە".
لەبارەی سودەكانی سیستمی كۆمپیوتەری لە دەرمانخانەكان ئەندامەكەی ئەنجومەنی سەندیكای پزیشكان ئاماژەی بەوەدا، "ئەم سیستمە چەندین سودی هەیە بۆ هاووڵاتیان و كاتێك هاووڵاتیان سەردانی هەر دەرمانخانەیەك دەكەن زانیاریەكانی لە پسوڵەیەكی كۆمپیوتەریدا پێدەدرێت لەبارەی نەخۆشیەكەی و جۆری دەرمانەكەو نرخی دەرمانەكەو بەرواری سەردانیكردنەكەو ناوی نەخۆشەكەو ناوی پزیشكەكە، ئەم پسوڵەیەش دەبێتە بەڵگە لەكاتی بونی كێشە لە خراپی دەرمان و هەڵەی پزیشكی و لەكاتی سكاڵای هاووڵاتیان لە دكتۆرەكان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group