هاتوچۆ خاوەنی چێشتخانە و ماركێت و پێشانگاكان ئاگادار دەكاتەوە

12/07/2019

نەوا


بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی داوا لە خاوەنی سەرجەم ئەو چێشتخانە و ماركێت و پێشانگایانە دەكات كە تابلۆی تایبەت بە خۆیان داناوە لە سەر شەقامەكان بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت بەخۆیان لەماوەی یەك هەفتەدا تابلۆ و ستونەكان لاببەن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، رایگەیاند"وەك تێبینی دەكرێت ژمارەیەك لە چێشتخانەو میوانخانەو ماركێت و پێشانگاكانی شاری سلێمانی بەشێكی سەرشەقامەكانی بەردەم خۆیان قۆرخكردوە بۆ خۆیان و ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە سەردانی ئەو شوێنانە دەكەن، بۆیە هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ئاگاداری گشت لایەك دەكاتەوە كە شەقامەكان موڵكی گشتین و تایبەت نین بە هیچ كەس و شوێنێكەوە، هەر شەقامێك راگرتنی ئۆتۆمبێل تێیدا قەدەغە بێت ئەوا بۆ ئۆتۆمبێلی ئەو شوێنانەش قەدەغەیەو هەر شەقامێكیش راگرتنی ئۆتۆمبێل تیایدا ئازادبێت ئەوا بۆ هەموان ئازادە."
وتوشیەتی"داوا لەخاوەنی سەرجەم ئەو شوێنانەی تابلۆ و ستونی تایبەت بەخۆیان داناوە بەمەبەستی قۆرخكردنی ئەو شەقامە بەمەبەستی راگرتنی ئۆتۆمبێلی تایبەت بەخۆیان كە لەماوەی یەك هەفتەدا سەرجەم ئەو تابلۆ و ستونانە لابەرن، بەپێچەوانە بەڕێوەبەرایەتیمان هەمو ئەوانە لادەبات لەسەر شەقامەكان دانراون، ئەویش لەبەر بەرژەوەندی گشتی و نەهێشتنی لۆدو قەرەباڵغی لەو شوێنانەدا."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group