یەكێتی: ماوەی كاركردنی پارێزگاری سلێمانی كۆتایی هاتووە

12/07/2019

نەوا

بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان گۆڕانكاریكردن لە پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بە پێویست دەزانێت و رایدەگەیەنێت: ماوەی كاركردنی پارێزگاری سلێمانی كۆتایی هاتووەو دەبێت بەڕێككەوتن لەگەڵ گۆڕان ئەو پرسە یەكلایی بكەینەوە.
جوتیار نوری، بەرپرسی كۆمسیۆنی حكومەت لە ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتی، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن رایگەیاندووە: لەداهاتوویەكی نزیكدا گفتوگۆ لەنێوان یەكێتی و گۆڕان لەبارەی گۆڕانكاریكردن لە پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی دەستپێدەكات.
وتیشی: "لەدوای یەكلاییكردنەوەی پرسی پەرلەمان و كابینەی نۆیەمی حكومەت، ئێستا هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك چڕكراوەتەوە، لەدوای كۆتاییهاتنی دۆسێی كەركوكیش، گۆڕانكارییەكان لە زۆنی سەوز دەستپێدەكات".
بەوتەی ئەو بەرپرسەی یەكێتی، گۆڕانكاریكردن لە پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بە پۆستی پارێزگاریشەوە، بۆتە زەرورەت و پێویستە ئەنجام بدرێت.
ئاشكراشیكرد، بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ گۆڕان هەمانبوو، ماوەی كاركردنی ئێستای پارێزگاری سلێمانی كۆتایی هاتووەو یەكێتی دەیەوێت بەڕێككەوتن گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ گۆڕان بكات.
ئەوەشی وت: "تائێستا نازانرێت ئایا رێككەوتنی نوێ لەگەڵ گۆڕان دەكەین یان هەمواری رێككەوتنەكەی پێشوو دەكرێتەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group