رێكخراوی بەدر دژی رێككەوتنی پارتی و یەكێتیە بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك

6 رۆژ پێش ئێستا عێراق

نەوا
بەرپرسی بەشی باكوری رێكخراوی بەدر دەڵێت: رێككەوتنەكەی یەكێتی و پارتی بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك رەتدەكەنەوە و پێشی وایە دەبێت دانانی پارێزگاری كەركوك لەرێگەی سازانی سەرجەم پێكهاتەكانی ئەو شارەوە بێت.
محەمەد بەیاتی، بەرپرسی بەشی باكوری رێكخراوی بەدر رایگەیاند:"دیاریكردنی تەیب جەبار بۆ پارێزگاری كەركوك لەلایەن كوردەكانەوە، رەتدەكەینەوەو ناتوانین قبوڵی بكەین، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی پارێزگاكە لەسەر ئەو پرسە رێككەوتن نەكراوە."
باسی لەوەشكردووە"پاساوی كوردەكان بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ، ئەوەیە كە زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێكدەهێنن، بەڵام پێكهاتەكانی دیكەی پارێزگاكە دان بەوەدانانێن بەتایبەت كە لەلایەن یەك پێكهاتەوە دەنگی پێ بدرێت."
ئەو بەرپرسەی رێكخراوی بەدر جەختی كردۆتەوە"كەركوك هێشتا عێراقییەو لەچوارچێوەی هیچ هەرێمێكدا نییەو لەژێر ركێفی دەوڵەتی عێراقدایە نەك حوكمی هەرێمی كوردستان و بەوەش كوردستان دەسەڵاتی لەسەر كەركوك نییە، بۆیە دەبێت دانانی پارێزگارەكەی بەپێی رێككەوتنی سەرجەم پێكهاتەكان بێت."
بەپێی قسەی محەمەد بەیاتی "خەڵكی كەركوك، پارێزگارێكی سەربەخۆیان دەوێت بەچاوپۆشین لەوەی سەر بە چ پێكهاتەیەكە."


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group