زیا پترۆس: نەتەوەیەكگرتوەكان بەرامبەر بە تەعریبی ناوچە دابڕاوەكان بێدەنگە

12/07/2019

نەوا

سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، رەخنە لە هەڵوێستی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەگرێت لەبارەی بێدەنگییان بەرامبەر بە تەعریبكردنی ناوچە كوردستانییەكان و دەڵێ، مەبەستی سیاسی لە پشت كارەكانیانە و تا ئێستا یەك راپۆرتیان لەبارەی هاوردەكردنی عەرەب و دەركردنی كورد لە ناوچەكانی سنووری ماددەی 140ی دەستووری عێراق دەرنەكردووە.
زیا پترۆس، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندوە: "لە دەستپێكی ئاڵۆزییەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە رووبەڕووی تەعریب و زوڵم و ستەم بوونەتەوە، بە فەرمی نەتەوە یەكگرتووەكانمان ئاگادار كردووەتەوە، چونكە ئێمە پێمان وایە یۆنامی لە عێراق بەرپرسیارێتیی یەكەمی دەكەوێتە سەرشان لە تێكچوونی رەوشی ناوچە كوردستانییەكان و دەستپێكردنی پڕۆسەی تەعریب و دەركردنی خەڵكی رەسەنی ئەو ناوچانە".
وتیشی: "ئێمە پرسیاری ئەوەمان بۆ دروست بووە، لە هەر رووداوێكی زۆر بچووكیشدا لە بەغدا و لە كاتی پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی عێراق، نەتەوە یەكگرتووەكان لە رێگەی نێردەی خۆیانەوە بۆ عێراق دێنە سەر هێڵ، بەڵام ئەو هەموو تەعریبە هەیە و خەڵكی لە ماڵەكانیان دەردەكرێن و دەغڵودانیان دەسووتێندرێت، خێرە یۆنامی بێدەنگە؟".
پترۆس روونیشی كردەوە: "بەداخەوە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاژانسەكانیان لە عێراق بێدەنگن لە بەرامبەر بەرعەرەبكردنی ناوچە كوردستانییەكان و تەنانەت لە راپۆرتەكانیاندا ئاماژە بەو زۆڵم و ستەمەش ناكەن، هەندێ رێكخراوی وەك هیومان رایتس وۆچ لەسەر یەك چەكداری داعش كە زیندانییە، دێتە دەنگ و راپۆرت لەسەر پێشمەرگە و عێراق بڵاودەكاتەوە، بەڵام لە بەرچاوی هیومان رایتس وۆچ رۆژانە دەیان جار مافی خەڵكێك پێشێل دەكرێت و ماڵیان دەسووتێت، كەچی یەك راپۆرت بڵاو ناكاتەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group