پەیمانگای راهێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی سلێمانی رونكردنەوە دەدات

15/07/2019

نەوا-كاروان مەحمود 


بەڕێوەبەری پەیمانگای راهێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بۆ ئەمساڵ تەنها ئەو مامۆستایانە لە پەیمانگەكە وەردەگیرێن، كە ساڵی رابردوو داواكارییان پێشكەشكردووە و بەشەكانی هونەرو وەرزش بۆ ئەمساڵ بێبەش دەبن لەخوێندن.
مامۆستا عەبدوڵڵا سەعید بەڕێوەبەری پەیمانگای راهێنان و گەشەپێدانی پەروەردەیی سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ساڵی رابردوو بەهۆی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە هیچ مامۆستایەك لە پەیمانگەكەمان وەرنەگیرا بۆ درێژەدان بەخوێندن و دواتر هەرچەند ئاگاداریان كردین كە ئەوكەسانەی داواكارییان پێشكەش كردووە بۆ خوێندن وەریان بگرین بەڵام ساڵی خوێندن لە وادەی دیاریكراو تێپەڕیبوو.
وتیشی: "بۆ ئەمساڵ ئەو مامۆستایانەی وەردەگیرێن كە ساڵی پار داواكارییان پێشكەش كردووە، ئەگەر لە بەشێك چەند كورسیەك بەبەتاڵی مایەوە ئەو كات ئاگاداری ئەو مامۆستایانە دەكەینەوە، كە دەیانەوێت درێژە بەخوێندن بدەن داواكاری پێشكەش بكەن، زیاتریش گرنگی بەبەشەكانی بیركاری، ئینگلیزی و زانست دەدرێت، مامۆستایانی بەشەكانی هونەر و وەرزش-یش بۆ ئەمساڵ وەناگیرێن ئەوەش بەهۆی نەبوونی بینای پێویست و یاریگا لە پەیمانگەكەمان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group