شاندی باڵای حكومەتی هەرێم و سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆدەبنەوە

16/07/2019 عێراق

نەوا
پاش كۆتاییهاتنی كۆبونەوەیان لەگەڵ سەرۆك كۆماری عیراق، شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق دەستپێكرد.
شاندی باڵای حكومەتی هەرێم پێشنیوەڕی ئەمڕۆ 16-7-2019 بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران گەیشتە بەغدا و لەسەرەتادا لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق كۆبونەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، لە میانی كۆبونەوەكەدا بەرهەم ساڵح جەختی لە گرنگی هەماهەنگی دیدی هاوبەش و گفتوگۆی جدی كردەوە لەپێناو چارەسەركردنی سەرجەم پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای دەستور و چەسپاندنی دادپەروەری و بەرژەوەندی خەڵك.
هاوكات سەرۆك كۆمار بڕوای تەواوی بەلێكگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان دەربڕیوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندییەكان و كەمكردنەوەی ئاستەنگەكان، بەجۆرێك كە ببێتەمایەی دابینكردنی خزمەتگوزارییە پێویستەكان بەهەموو هاووڵاتیان.
لەلای خۆیەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی كردوە بەخواستی حكومەتەكەی بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان بەپێی دەستور لەپێناو دەستەبەركردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و بەهێزكردنی پەیوەندی برایانە.
پاشان مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری بەمەبەستی كۆبونەوە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق گەیشتنە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەغدا و لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە پێشوازییان لێكرا.
بڕیارە پاش ئەو كۆبونەوەیەش، شاندەكەی هەرێم لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق كۆببێتەوە.
لەو سەردانەدا پرسی ناوچە جێناكۆكەكان، بودجە و نەوت، كەركوك و ئاوارەكان، لە دیدارەكاندا گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت بۆئەوەی لە داهاتویەكی نزیكدا هەنگاوی كردەیی بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان بنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group