غالب محەمەد: هیوادارین سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ رێككەوتن بێت

16/07/2019
غالب محەمەد پەرلەمانتاری كورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

نەوا-كاروان مەحمود 
پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت: "هیوادارین سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا بەمەبەستی كۆبوونەوە نەبێت بەڵكو چارەسەری كێشەكان بكرێت و بۆ ساڵی داهاتوو مووچەی فەرمانبەران لەمەترسی دووربخرێتەوە".
غالب محەمەد پەرلەمانتاری كورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، هەفتەی رابردوو داوای ئامادەبوونی وەزیری نەوت و وەزیری دارایی لەگەڵ چاودێری دارایی حكومەتی عیراقمان كرد بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڵام تەنها وەزیری دارایی ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبوو زانیمان هەوڵهەیە بۆ هاتنی وەفدی هەرێم، ئێستاش كە وەفدی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان كردووە هیوادارایین سەردانەكە بۆ كۆبوونەوە نەبێت و ئامانجیان رێككەوتن بێت لەسەر رادەستكردنی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم تاوەكو ئەو فشارەی لەسەر حكومەتی عیراق هەیە لەلایەن شەقام و لایەنە سیاسیەكان كەمبكرێتەوە.
باسی لەوەشكرد، "ئەگەر رێككەوتن نەكرێت ئەوا بۆ ساڵی داهاتوو مەترسی لەسەر بودجەی هەرێم هەیە بەشێوەی ساڵانی 2017، 2017، 2018ی لێبكرێتەوە كە ناردنی بودجە پابەند بكرێت بە رادەستكردنی نەوت مووچەش جیا نەكرێتەوە، هەرچەندە ئەمساڵ بەپێی یاسا مووچەی فەرمانبەران جیاكرایەوەو مەترسی لەسەر نیە بەڵام ئێمە مەبەستمانە بۆ ساڵی داهاتووش مەترسی نەبێت و مووچەی فەرمانبەران بەردەوامبێت".
سەبارەت بە كاریگەری سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا لەسەر ئەو پرسیارانەی بڕیارە لە دانیشتنی 20ی تەمموز بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و وەزیری نەوتی عیراق لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئاڕاستەیان بكرێت بەتایبەت لەسەر پرسی بودجەی هەرێم و رادەستنەكردنی نەوت، غالب محەمەد پەرلەمانتاری كورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رادیۆ نەوا وتی: "ئەو دانیشتنە تەنها بۆ ئاڕاستەكردنی پرسیارو زانینی وەڵامەكانە دواتر ئەگەر وەڵامەكان وەك پێویست نەبوو ئەوكات بیر لەشتی دیكە دەكرێتەوە، ئەوەی لای ئێمەی پەرلەمانتاران جێگەی گلەییە بەتایبەت ئەوانەی لە كەیسی نەوت و بودجەو مووچەی هەرێم كارمانكردووە، ئەوەش ئەوەیە بۆ پارە بەناوی مووچەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت بەڵام دەدرێتەوە بەقەرزی كۆمپانیاكان و وەزیری دارایی حكومەتی عیراقیش بێدەنگە لێی"؟

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group