"بۆچوونێك هەیە وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵا یەكبخرێت"

17/07/2019 عێراق
بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

نەوا-كاروان مەحمود
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەڵێت: "وادەی كۆتایی هێنان بە بەڕێوەبردنی پلە تایبەتەكان لە عیراق تاوەكو 24ی تشرینی دووەم درێژكراوەتەوە". ئەوەشی وت: "لە پەرلەمان بۆچوونێك هەیە وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق یەكبخرێت".
بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، دیاریكردنی 30ی حوزەیران وەك دوا وادە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پۆستانەی لە بەغدا بەوەكالەت بەڕێوە دەبرێن پەیوەندی بەیاسای بودجەوە هەبووەو لەیاساكەدا دیاریكراوە كە نابێت تا ئەو وادەیە هیچ پۆستێكی وەكالەت هەبێت لە پلە تایبەتەكان لەوانەی "پلەی بەڕێوەبەری گشتی، بریكاری وەزیرو سەفیرەكان"، بەڵام دواتر تێگەشتن هەبوو لەسەر ئەوەی كە ناكرێت لەوماوەیەدا حكومەتی عیراق بتوانێت كۆتایی بەو هەموو وەكالەتە بهێنێت لەكاتێكدا لەسەرو 4 هەزار پۆست بەوەكالەت بەڕێوە دەبرێت.
وتیشی: "بۆ ئەوەی كەسی شیاو بۆ پۆستەكان دیاری بكرێت لە هەفتەی پێشوو ئەو مادەیەی بودجە هەموار كراو وادەكە درێژكرایەوە تاوەكو 24ی تشرینی یەكەمی 2019، واتە تا ئەو وادەیە حكومەتی عیراق دەتوانێت كۆتایی بە پلە تایبەتەكان بهێنێت ئەوانەی كە بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێت".
سەبارەت بە تەواو كردنی كابینە وزاریەكەی عادل عەبدولمەهدی و دانانی وەزیری پەروەردەی حكومەتی عیراق، بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رادیۆ نەوا رایگەیاند، بۆ دیاریكردنی وەزیری پەروەردەی حكومەتی عیراق دووجارە ناوەكان رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بەڵام دەنگی پێویست ناهێنێت كە لەناو سوننەكان كێشەیان هەیەو ناتوانن كاندیدی پۆستەكە یەكلایی بكەنەوە، ئێستاش چاوەڕواندەكرێت كاندیدی دیكە بۆ وەزارەتی پەروەردەی عیراق رەوانەی پەرلەمان بكرێت تاوەكو دەنگی لەسەر بدرێت".  
راشیگەیاند، بۆچوونێك هەیە لەناو پەرلەمانی عیراق كە وەزارەتی پەروەردە یەكبخرێت لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق، بەڵام ئەوەش تائێستا تەنها بۆچوونەو نەبووەتە فەرمی. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group