لیوا هیوا ڕەش: هیچ بازگەیەكی هاوبەشمان لەناوچە كێشەلەسەرەكان لەگەڵ سوپای عێراق نییە

17/07/2019
لیوا هیوا ڕەش فەرماندەی میحوەری باشوری كەركوكی پێشمەرگە

نەوا
فەرماندەی میحوەری باشوری كەركوكی پێشمەرگە دەڵێت، گفتوگۆی نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ناوچە كێشە لەسەرەكان لەڕووی ئەمنی و سەربازیەوە بەردەوامە.
لەگفتووگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا، لیوا هیوا ڕەش فەرماندەی میحوەری باشوری كەركوكی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەكرد بەرێوەبردنی ناوچە كێشە لەسەرەكان پێویستی بەهەماهەنگی هەیە لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق دا، وتی "بەپێی دەستوری عێراقیش دەبێت ئەو ناوچانە بەهەماهەنگی هەردوولا بەڕێوەببرێن."
لیوا هیوا ڕەش وتیشی "لەكۆبونەوەی نێوان وەفدی وەزارەتی پێشمەرگە و عێراق ڕەتكردنەوە نەبووە، بۆیە هیوادارین گفتوگۆكان بەرهەمداربن."
ئەو فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە كەركوك، جەختیكردەوە "ناوچە كێشەلەسەرەكان لە خانەقینەوە تا شەنگال، دەبێت بەهەماهەنگی لەلایەن سوپای عێراق و پێشمەرگەوە بەڕێوەببرێن، دەستوریش وا دەڵێت."
هەروەها وتیشی"هەماهەنگی پێویستی بەرێككەوتن هەیە، تا میكانیزمێك بۆ چۆنیەتی هەماهەنگی كردنەكە بدۆزرێتەوە."
سەبارەت بەوەی لەئێستادا پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچە كێشە لەسەرەكان هیچ بازگەیەكی هاوبەشیان هەیە، فەرماندەكەی پێشمەرگە وتی"تا ئەم دەقە هیچ بازگەیەكی هاوبەشمان نیە، بەڵام تەوەرێكی گفتوگۆكان بوونی هێز و بازگەی هاوبەشە لەو ناوچانە."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group